بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێهدی ڕەمەزانی لە ڕوونکردنەوەی کارکردی بازرگانی دەرەکیی پارێزگاکەدا وتی: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهای هەناردەی کرماشان گەیشتە 1 ملیار و 39 ملیۆن دۆلار و نزیکەی 1 ملیار دۆلاریش بۆ ترانزێتی سەرچاوە-مەبەست تەرخان کراوە.

بە وتەی ناوبراو، هەناردەی پارێزگاکە لەم ماوەیەدا بە ڕێژەی لە سەدا 9 لە کێش و لە سەدا 31 لە بەهادا کەمی کردووە؛ بەڵام بە هەناردەکردنی گازیشەوە بەهای هەناردەی کرماشان دەگاتە 1 ملیار و 605 ملیۆن دۆلار.

هەروەها ڕەمەزانى ڕایگەیاند، 138 ملیۆن دۆلار هاوردەى یەکلاکەرەوە لە پارێزگاکەدا تۆمارکراوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵى ڕابردوو 100% زیادى کردووە.

بە پێی ئەو ئامارانە لە سەدا 93ی چالاکییە گومرگییەکانی کرماشان بۆ هەناردە و لە سەدا 7 بۆ هاوردە تەرخان کراوە.

ناوبراو بە ئاماژە بە کارکردی سنوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکە، زیادی کرد: سنووری پەرویزخان بە بڕی 316 ملیۆن دۆلار لە هەناردەکردن لە نێو سنوورەکانی پارێزگاکەدا لە پلەی یەکەمدایە، لە دوای ئەویش سنوورەکانی خوسرەوی، سۆمار، شێخ سڵە و شۆشمی، دێت.

بەرپرسی ئیدارەی پەرەپێدانی گومرگی کرماشان تێکڕای هاتوچووی ڕۆژانەی بارهەڵگرەکان لە سنوورەکانی ئەو پارێزگایە بە 1 هەزار و 232 یەکە ڕاگەیاند و وتی: ئەم ڕێژەیە لە هەندێک ڕۆژدا دەگاتە1 هەزار و 700 بارهەڵگر.

ڕەمەزانی بە ئاماژە بەوەی کە لەسەدا 61ی هەناردەکردنی کرماشان بۆ بەشی عەرەبی عێراق و ئەوەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق تەرخانکراوە، ئاماژەی بەوەدا: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا کرماشان لە ڕووی ڕێژەی هەناردەکردن بۆ عێراق، لە ڕیزبەندی یەکەمی پارێزگاکانی هاوسنووری ئەم وڵاتەدا بووە.