ئەمڕۆ لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی کوردیدا، چیرۆکی پڕ لە سەبری پیاوێکی مەزن لە زنجیرەی ئەیوبی سەردەمدا کۆتایی هات؛

کاک هاشمی کەلاری، ئەو ئەیوبە کوردییەی کە ٤٥ ساڵ لەسەر جێگە بوو، بەڵام ڕۆحێکی پڕ لە ئومێدی هەبوو.

​هاشم کەلاری، ئەو مرۆڤە پۆڵایینەی کە کاتی خۆی لە شەڕی عێراق و ئێراندا بریندار بوو و دڕکەپەتکی پچڕا، ٤٥ ساڵی تەواو تەنها سەری دەجووڵا و لەسەر جێگە مابووەوە. لە کاتێکدا نەخۆشییەکی لەو شێوەیە دەتوانێت هەر مرۆڤێک تووشی بێئومێدی و هیواشکانی بکات، بەڵام کاک هاشم پارچەیەک بوو لە صەبر و شوکر. ژیانی پیرۆزی خۆی لەگەڵ قورئان و فەرموودەکاندا تێکەڵ کردبوو؛ بەدانەکانی بە قەڵەمێکی ئەلیکترۆنی لەسەر لابتۆپەکەی پەڕەکانی هەڵئەدایەوە و ساتێک لە یاد و قسەی خودا دوور نەبوو.

​ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە ئەم پیاوە مەزنە تەنها خۆی ئارام نەبوو، بەڵکو بوو بە سەرچاوەی وزە و ورەپێدان بۆ دەورووبەرەکەی. هەرکەسێک لە گەرمیان یان ناوچەکانی تری کوردستان تووشی خەمۆکی، بێتاقەتی یان بێهیوایی ببوایە، ڕێگای ماڵی هاشم کەلاری دەگرتە بەر بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ناڕەحەتییەکانی ژیاندا ئارام بگرێتەوە. خەڵک کە دڵیان تەنگ دەبوو یان بەڵایەکیان بەسەر دەهات، کاتێک دەچوونە لای، بەقسە ئارام و پڕ لە ئیمانەکەی ئەو، سەبوورییان بۆ دەهاتەوە.

​دەنگی پڕ بوو لە ئیمان و ئومێد، لە ئەوپەڕی نائومێدیدا متمانەی بە ژیان دەبەخشیەوە و دڵی مرۆڤەکانی تازە دەکردەوە.

​ئەمڕۆ ئەیوبی کورد کۆچی دوایی کرد و گەڕایەوە بۆ لای پەروەردگار، بەڵام وانەیەکی گەورەی بۆ بەجێهێشتین؛ کە ناڕەحەتی جەستەیی ناتوانێت ڕوحی مرۆڤی ئارامگر و سوپاسگوزار کۆیلە بکات.