رۆژنامەنووس (زانا ئەحمەد) کە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانی بەناو ڤیستیڤاڵەکەدا ئەنجام داوە، هەستی خۆی بەرانبەر بە گۆڕانکاری و ڕێکخستنە نوێیەکان دەربڕیوە و دەڵێت: «دوێنێ بۆنی سێو، بەهاری هەڵەبجەی گۆڕی بۆ پایز، و ئەمڕۆش هەنار پایزی هەڵەبجەی گۆڕی بۆ بەهار».
ڕێکخستنێکی جیاواز و کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆ
بەپێی چاودێرییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، لە خولی ئەمساڵی ڤیستیڤاڵدا جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، کارەکان بە شێوازێکی زۆر جوانتر، ڕێکخراوتر و مونەزەمتر بەڕێوەچوون. بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغی لەسەر شەقامەکان، هێزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لە چەندین شەقام و ڕاستەڕێدا بە دڵسۆزی و لێبڕاوانە ڕۆڵی خۆیان گێڕا و ئەرکەکانیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد.
سەربازە وونەکان؛ هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی چالاکییەکان
سەرەڕای جوانی و ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵەکە، ئەرک و ماندووبونی کۆمەڵێک «سەربازی وون» بە روونی بەسەر کارەکانەوە دیار بوو؛
ئەو کەسانەی کە دوور لە چاوی زوومی کامێراکان، بە بێدەنگی و دڵسۆزییەوە کار بۆ سەرخستنی چالاکییە جۆربەجۆرەکانی شاری هەڵەبجە دەکەن.
ئەو رۆژنامەنوسە لەکۆتایی گوزەرەکەی دا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆر گرنگە خەڵک و کۆمەڵگە لەو جوامێرانە بناسێنین کە هەموو خەمیان پێشخستن و خزمەتکردنی شاری هەڵەبجەیە، سەەڕای ئەوەی هەمیشە لە پشت پەردە و لەبەردەم شاشە و کامێراکاندا بێدەنگ و وونن.