جام کوردی - بەپێی شرۆڤەیەکی دەزگای هەواڵی «بلومبێرگ»، سووربوونی واشنتۆن لەسەر سەپاندنی مۆڵەت و وادەی سیاسی بەسەر تاراندا شکستی هێناوە؛ ستراتیژیی درێژخایەن و جەنگی پشووپێدرێژ و داخورێنەری ئێران، تەواوی هاوکێشە کاتی و هەڵبژاردنییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی لە گەرووی هورمزدا تووشی بنبەست کردووە.

بلومبێرگ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە کێشمەکێشی قووڵی نێوان خشتەی کاتیی سیاسیی واشنتۆن و دیدگای ستراتیژیی تاران کردووە و ڕایگەیاندووە: کۆشکی سپی جارێکی دیکە هەوڵی داوە کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی کاتژمێری سیاسی و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە؛ ئەو ڕێبازەی ترەمپ بە بانگەشەی یەکلاکردنەوەی خێرای سەربازی پەیڕەوی کرد، بەڵام لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕەکەدا گەیشتە چەقبەستوویی.

لە کاتێکدا واشنتۆن بەدوای دەستکەوتێکی خێرادا دەگەڕا پێش هەڵبژاردنە بەراییەکانی مانگی نۆڤەمبەر، ناوەندی بڕیاردانی ئێران بە پشتبەستن بە ئەزموونی مێژوویی و کەرەستەکانی جەنگی فرسایشی (داخورێنەر) لە گەرووی هورمز، هەوڵی شەکەتکردنی سەرچاوەکانی پنتاگۆن و ڕاکێشانی قەیرانەکە بۆ قۆناغی دوای ترەمپ دەدات. لەم بارەیەوە، شرۆڤەکارانی وەک «سەنەم وەکیل» لە چاتام هاوس و «ئێلی گرانمایە» لە ئەنجوومەنی ئەورووپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە پێیان وایە کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بۆ ئێران پرسێکی گرێدراو بە مانەوەیە و کات لەم ناکۆکییە بنەڕەتییەدا لە بەرژەوەندیی تاران کار دەکات.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە کە بەدەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، سەرکێشییە سەربازییەکانی واشنتۆن نەگەیشتووەتە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی وەک گۆڕینی دەسەڵات یاخود ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵکوو هاوکات پرۆسەی پاشەکشەی هەژموونی ئەمریکای لە کەنداودا خێراتر کردووە.