جام کوردی - سرودی نەتەوەیی بە گشتی پارچە مۆسیقایەکی نیشتمانپەروەرانەیە کە بۆ بیرهێنانەوە، ستایش و ڕێزگرتن لە مێژوو، نەریتەکان، ئارمانجەکان و خەباتی گەلی نەتەوەیەک پێکدێت و لەلایەن دەوڵەتی ئەو نەتەوەوە وەک ئاوازی فەرمی نەتەوەیی دانی پێدا دراوە یان لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی جەماوەرییەوە بەکاردێت.

زۆربەی سرودە نەتەوەییەکان شێوازی مارشی سەربازی یان سرودی ئاینییان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، سرودە نەتەوەییەکانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین زیاتر لە پارچە ئۆپێراکان نزیکن. هەندێک لە وڵاتانیش لە پارچە فەنفارەکان کە زۆرتر بە سازە فووکرایە بەرزییەکان و سازە لێدراوەکان لێدەدرێن، کەڵک وەردەگرن.

لە لایەکی ترەوە، هەندێک لەو وڵاتانەی کە سیستەمی پاشایەتییان هەیە، لە تەنیشت سرودی نەتەوەییەوە سرودێکی تریان هەیە بە ناوی سرودی شاهانە کە بە ناوەرۆکی نیشتمانپەروەرانەوە بۆ ڕێزگرتن لە پاشا و بنەماڵەی شاهانە بەڕێوەدەچێت. ئەم سرودە زۆرتر لە مراسمە شاهانەکان و ئامادەبوونی گشتی پاشادا پێشکەش دەکرێت. بێگومان هەندێک لە وڵاتان وەک ئەردەن، سرودی شاهانە وەک سرودی نەتەوەیی بەکاردەهێنن. ئەم سرودە بەم دێڕانە دەست پێدەکات: «بژیت پاشا، ئەو کەسەی پلەبەرزە و ئاڵاکانی لە بەرزاییەکاندا شەکاوەنەتەوە.»

وڵاتانی زۆر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سرودی نەتەوەیی وڵاتەکەیان یەکەم سرودی نەتەوەییە لە جیهاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناو سرودە نەتەوەییەکانی وڵاتانی جیاوازدا، دەتوانین ئاماژە بە سرودی نەتەوەیی هۆڵەندا بکەین بە ناوی «ویلێلموس» کە لە نێوان ساڵانی 1568 و 1572 نووسراوە. بێگومان سرودی نەتەوەیی ژاپۆن کە ناوەکەی «کیمیگایۆ»یە، شیعرێکی لە سەرەتای سەدەی دەیەمی زایینی بەکارهێناوە کە دەردەکەوێت کۆنترین دەقی شێعر بێت لە نێوان سرودە نەتەوەییەکاندا. بێگومان ئەم شێعرە هەتا ساڵی 1870 فەرمی نەبوو و مۆسیقاکەی لە ساڵی 1880 ڕێکخراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکەم سرود کە بە شێوازێکی فەرمی پەسەند کراوە، سرودی نەتەوەیی ئیسپانیا بە ناوی «مارچا ڕیال» (سرودی شاهانە) ڕاگەیەندراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1770. ڕەگ و ریشەی شێعرەکەی کە بە «ئیسپانیا هەتاهەتاییە! وەرن با پێکەوە بڵێین! بە دەنگی جیاواز، بەڵام دڵێکی یەکگرتوو» دەست پێدەکات، نەناسراوە.

لە هەر حاڵەتێکدا، ئەم سرودانە لە ئەورووپای سەدەی ١٨دا ناسناوبانگیان پەیدا کرد. سرودی نەتەوەیی بەریتانیا بە ناوی «خوایە شاژن بپارێزە»، سەرەتا لە ساڵی 1745 بە ناوی «خوا پاشا بپارێزە» باو بوو. سرودی نەتەوەیی فەرەنسا، مارسیێز نیو سەدە دواتر لە ساڵی 1792 نووسرا و لە ساڵی 1795 پەسەند کرا.

شێعرەکانی سرودی نەتەوەیی وڵاتان، زۆربەی جار بە زمانی باو، فەرمی یان ڕێککەوتووی هەر وڵاتێک شێعرکراون. بۆ نموونە، سرودی نەتەوەیی هیندستان، «جانا گانا مانا» وەرگێڕانی سانسکریتییە لە وەشانی بەنگالییەکەی، لە کاتێکدا هەردوو زمانی سانسکریتی و بەنگالی وەک زمانی فەرمی هیندستان دەژمێردرێن. لە لایەکی ترەوە، وڵاتی سویسرا کە چوار زمانی فەرمی هەیە، وەشانێکی بە چوار زمانی ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتالی و ڕۆمانشی هەیە.

 بەکارهێنانی سرودی نەتەوەیی

سرودە نەتەوەییەکان لە هەر وڵاتێکدا پێگە و بەکارهێنانی جیاوازیان هەیە. هەندێکیان لە مراسمە فەرمییەکاندا بە ڕێوڕەسمی تایبەتەوە بەڕێوەدەچن. بۆ نموونە گرووپی مۆسیقای سەربازی لێیدەدات و گرووپی کۆری سەربازی دەیخوێنێتەوە. لە زۆربەی وڵاتاندا کاتی لێدانی سرودی نەتەوەیی، هەمووان هەڵدەستنە سەر پێ یان کڵاو لە سەر دەکەنەوە. یەکێکی تر لە بەکارهێنانی سرودی نەتەوەیی لە مراسمە دەوڵەتییەکان و دۆخە دیپلۆماسییەکاندایە. هەروەها لە پشووە فەرمییەکان و فێستیڤاڵەکاندا و بە تایبەت لە مراسمە وەرزشییەکاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. لە رکابەرییە وەرزشییەکان وەک یارییەکانی ئۆلمپیک، سرودی نەتەوەیی وڵاتی پاڵەوان (خاوەنی مەدالیای زێڕ) لە مراسمی پێشکەشکردنی زێڕدا لێدەدرێت. هەروەها پێش بەڕێوەچوونی یارییەکانی هەندێک لە خولە وەرزشییەکان، سرودی نەتەوەیی لێدەدرێت؛ ڕێوڕەسمێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یارییەکانی بەیسبۆڵ لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

لە هەندێک وڵاتدا، سرودی نەتەوەیی هەموو ڕۆژێک بۆ قوتابیان لە مراسمی بەیانییاندا لێدەدرێت بۆ ئەوەی ڕاهێنانێک بێت بۆ نیشتمانپەروەرییان. لە وڵاتانی تردا، پێش دەستپێکردنی شانۆ یان فیلم لە هۆڵەکانی تەلار یان سینەمادا، سرودی نەتەوەیی بۆ بینەران لێدەدرێت، بەڵام ئەوەی کە زۆرتر باوە، لێدانی سرودی نەتەوەیی لە تەلەڤزیۆن یان ڕادیۆوەیە. زۆربەی کەناڵە تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆییەکان لە کاتژمێرە دیاریکراوەکاندا سرودی نەتەوەیی وڵاتەکەیان بڵاودەکەنەوە. بۆ نموونە، سرودی نەتەوەیی کۆماری گەلی چین، لە سەرەتای هەواڵەکانەوە لە هەندێک کەناڵەوە بڵاودەبێتەوە. لە کۆڵۆمبیا، یاسایەک داندراوە کە لەسەر بنەمای ئەوە، سرودی نەتەوەیی ئەم وڵاتە کاتژمێر 6ی بەیانی و 6ی ئێوارە لە سەرجەم کەناڵە تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆییەکاندا بڵاودەبێتەوە. لە تایلەندیش سرودی نەتەوەیی ئەم وڵاتە کاتژمێر 8ی بەیانی و 6ی ئێوارە بە شێوەیەکی گشتی بڵاودەبێتەوە.

 لاساییکردنەوە لە سرودی وڵاتانی تر

دەردەکەوێت کە مۆسیقای سرودە نەتەوەییەکان لێکچوونێکی نزیکیان هەیە لەگەڵ یەکتردا، بەڵام لە درێژایی مێژوودا، حاڵەتگەلێک دەبینرێن کە هەندێک وڵات لە تێم یان مێلۆدی سرودی نەتەوەیی وڵاتانی تر بۆ سرودی نەتەوەیی خۆیان کەڵکیان وەردگرتووە. سرودی نەتەوەیی لیختنشتاین، لەسەر بنەمای مۆسیقای سرودی نەتەوەیی بەریتانیا (خوایە شاژن بپارێزە) ڕێکخراوە. هەروەها سرودی نەتەوەیی ناڕەسمی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠دا لە مێلۆدی سرودی نەتەوەیی بەریتانیا کەڵکی وەرگرتبووە. سرودی نیشتمانپەروەرانەی ئەمریکا بە ناوی (My Country, 'Tis of Thee) کە ساموێل فرانسیس سمیس لە ساڵی 1831 هۆنیویەتی و تۆماس ئارنە ڕێکخستنەکەی لە ئەستۆ گرتووە، لە مێلۆدی سرودی نەتەوەیی بەریتانیا ئیلهامی وەرگرتبوو. ئەم سرودە هەتا ساڵی 1931 کە سرودی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکان جێگەی گرتەوە، وەک سرودی نەتەوەیی ناڕەسمی ئەم وڵاتە هەژمار دەکرا. سرودی نەتەوەیی وڵاتی سویسراش هەتا ساڵی 1961 سرودێک بوو کە ئاوازەکەی لە سرودی نەتەوەیی بەریتانیا دەچوو. «ستایشکارانی ڕووسەکان» کە دوای تێکشکاندنی نایپلیۆن بۆناپارت، لەلایەن تزار ئەلێکساندەری یەکەمەوە، وەک سرودی نەتەوەیی ڕووسیا هەڵبژێردرابوو و لە نێوان ساڵانی 1816 هەتا 1833 بەکاردەهات، لە مۆسیقای سرودی نەتەوەیی بەریتانیا کەڵکی وەردەگرت. هەروەها مۆسیقای سرودی نەتەوەیی فینلاند کە لە ساڵی 1848 دروستکراوە لە سرودی نەتەوەیی ئێستۆنیادا بەکارهاتووە. مۆسیقای سرودی نەتەوەیی ئەمڕۆی ئەڵمانیا وەرگیراوە لە سرودی نەتەوەیی ئیمپراتۆریەتی نەمساد - مەجارستان لە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمی زایینیدا.

سرودی نەتەوەیی و مۆسیقای بێ-دەنگ (بێ-کلام)

دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، فیدراسیۆنی ڕووسیا مۆسیقایەکی نائاسایی بێ-دەنگی لە ساڵی 1993 وەک سرودی نەتەوەیی ناساندبوو. لە ساڵی 2000ی زایینیدا شیعرێکی نوێ کە مۆسیقای سرودی نەتەوەیی سۆڤیەتی پێشووی لەسەر بوو، جێگەی گرتەوە.

 سرودەکان لە کوێوە دێن؟

مێژووی سرودە نەتەوەییەکان پڕە لە چیرۆکی سەرنجڕاکێش و خوێندنەوەی هەندێکیان بەتاڵ نییە لە سوود. سرودی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێکە لەوانە کە لە ساڵی ١٨١۴ نووسرا. لەو ساڵانەدا ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جەنگدا بوو لە بەرامبەر ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا. پارێزەرێکی ئەمریکی بە ناوی فرانسیس سکۆت کی کە شایەتحاڵی هێرشی قورسی بەلەمە جەنگییەکانی بەریتانیا بوو بۆ سەر بەندەری مک‌هنری، بە بڕوایەکی نەکراوەوە لە بەرەبەیانیدا بینی کە ئاڵای ئەمریکا هێشتا لەسەر قەڵاکە لە شەکاوەییدایە و نقوومی هەستی نیشتمانپەروەری خۆی بوو. لەو ساتەدا دێڕێکی لەسەر کاغەز نووسید کە دواتر بوو بە بەشێک لە سرودی نەتەوەیی ئەمریکا. ئەم سرودە چوار بەندە، بەڵام تەنها بەندی یەکەمی (بەهۆی درێژبوونەوەی سرودەکە) ئەمڕۆ دەخوێنرێتەوە.

«لەو کاتژمێرە بەرەبەیانییانەدا، پێم بڵێ چی دەبینیت

ئایا ئەو ئاڵایەی کە دوێنێ سڵاومان لێکرد، ئێستا لە ڕووناکی بەرەبەیاندا دەیبینیت؟

ئاڵایەک کە هێڵە پانی هێڵکارییەکانی و ئەستێرە درەوشاوەکانی لەم جەنگە پڕمەترسییەدا

ئاڵایەک کە لەسەر قەڵاکانمانەوە بە دلێری شەکاوە بوو.»

سرودی نەتەوەیی فەرەنسا کە پێشتر ئاماژەمان بە ناوی «مارسیێز» کرد، وەرگیراوە لە خۆبەخشانی بەندەری مارسی لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا. ڕۆژە دو لیل ئەسەری سوپای فەرەنسا و یەکێک لە شۆڕشگێڕان، ئەم سرودە مێژوویی و وروژێنەرەی لە ساڵی 1792 هۆنیوەتەوە کە دوای ئەوە، بوو بە سرودی فەرمی شۆڕشی فەرەنسا و لە ساڵی 1795یشدا بوو بە سرودی نەتەوەیی وڵاتی فەرەنسا.

 تایبەتمەندی سرودە نەتەوەییەکانی جیهان

سرودە نەتەوەییەکان زۆربەی کات تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە. لە زۆربەی سرودەکاندا ناوی وڵات دەبینرێت. بۆ نموونە، «ڕووسیا، ئەی قەڵا پیرۆزەکەمان/ ڕووسیا، ئەی نیشتمانی ئازیزمان»، «بۆ خاکی باوکی، ئەڵمانیا»، «زیندوو بە، ئەی نیشتمان/ تاجیکستانی ئازادی من» و... «ئازادی»، «نیشتمانی ئازاد» لەو ناوەرۆکانەن کە لە زۆربەی سرودەکاندا هەن بۆ ئەوەی ئاماژە بە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی وڵات بکەن. ستایش و ڕێزگرتن لە نیشتمان و باس لەشکۆی نیشتمان لە هەموو سرودەکاندا بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت. دایکی نیشتمان یان بە دایک زانینی نیشتمان وەک دایکێک کە ژیانی بە نەتەوە بەخشیووە، ڕازێنەرەوەی زۆربەی ئەم سرودەکانە. سرودی نەتەوەیی تاجیکستان و دووبارەبوونەوەی سرودی نەتەوەیی ڕووسیا «شکۆدار بە ئەی دایکی نیشتمان/ کە منداڵەکانت لە مێژووی کۆنەوە پەیمانی برایەتییان هەیە» نموونەیەکە لەو شێوازە. لە سرودی نەتەوەیی ئەڵمانیاشدا، جەختکردنەسەر «یەکێتی و یاسا و ئازادی/ هۆکاری بەختەوەری ئێمەن» نیشاندەری ڕووناکی ئەم بابەتانە و گرنگی ئەوانە لەم جۆرە سرودانەدا. ئاماژەدان بە سروشتی خاک و بەرزراگرتنی لەم بەشەی سرودی نەتەوەیی عێراقدا «نیشتمانی من، نیشتمانی من!/ درەوشاوەیی و جوانی/ سەربەرزی و نیکی/ لە چیا و دەشتەکەتیدا هەیە!» بە تەواوی دیارە. هەندێک لە سرودەکان، روویەکی شۆڕشگێڕانە و حەماسی زیاتریان هەیە. سرودی نەتەوەیی فەرەنسا نیشاندەری ئەم بابەتەیە: «منداڵانی نیشتمان هەڵسێنە،/ ڕۆژی شکۆ و سەربەرزی گەیشت/ ستەم، لە بەرامبەر ئێمەدا/ ئاڵا خوێناوییەکەی هەڵکردووە/ .../ چەک هەڵگرن! هاووڵاتییان!/ فەوجەکانی جەنگ پێکبهێنن!/ ... /خۆشەویستی پیرۆزی نیشتمان/ سوپای دادپەروەری ئێمە ڕێبەری دەبێت./ ئازادی، ئازادی گرانبەها/ بەردەوام لەگەڵ پشتیوانانت بمێنەوە/ لە ژێر باڵی ئاڵاکەماندا، با سەرکەوتن مسۆگەر بێت»

کۆنترین سرودی نەتەوەیی جیهان

هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لەبەردەستدا نییە کە نیشانی بدات سرودە نەتەوەییەکان لە چ کاتێکدا و بە چ شێوازێک دروست بوون. بەڵگە بەردەستەکان نیشاندەری ئەوەن کە بۆ یەکەم جار لە جیهاندا «کیم گایۆ» کە ئێستا وەک سرودی نەتەوەیی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن دەژمێردرێت لە ساڵی 905ی زایینیدا شێعرکراوە. بێگومان هەندێکیش سرودی «هێت ویلیلموس»ی هۆڵەندا کە لە ماوەی ساڵانی ١۵٦٨ هەتا ١۵٧٢ لە ناو جەنگی هەشتا ساڵەدا نووسراوە، بە کۆنترین سرودی نەتەوەیی جیهان دەزانن.

 درێژترین سرودی نەتەوەیی جیهان

درێژترین سرودی نەتەوەیی وڵاتێک دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان کە لە چوار پارچە شێعری سۆلۆمۆس پێکهاتووە و ۱۵۸ بەندە. ئەم سرودە لە ساڵی ۱۸۶۵ لەلایەن نیکۆلاس مانتزاروسەوە کرا بە مۆسیقا. بێگومان سرودی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش نزیکەی لە سرودە درێژە نەتەوەییەکانی جیهانە کە چوار بەندە، بەڵام زۆربەی کات تەنها بە خوێندنەوەی بەندی یەکەمی ڕەزامەندی دەردەبڕن.

 کورتترین سرودی نەتەوەیی جیهان

ژاپۆن و ئەردەن کورتترین سرودە نەتەوەییەکانی جیهانیان هەیە کە هەر یەکێکیان چوار دێڕ لەخۆ دەگرێت. سرودی «السلام‌الملکی الاردنی»، سرودی نەتەوەیی وڵاتی ئەردەنە. ئەم سرودە دوای سەربەخۆیی وڵاتی ئەردەن لە ساڵی ١٩۴۶دا پەسەند کرا. دەقی سرودەکەی عەبدولموعنیم ئەلڕەفاعی هۆنیویەتی و ئاوازەکەی عەبدولقادر ئەلتەنیر، ئاوازدانەری ناسراوی جیهانی عەرەبی ئامادەی کردووە. وەشانی یەکەمی ئەم سرودە زۆر کورت بوو، بەڵام دواتر تەواوتر بوو.

سرودی نەتەوەیی ژاپۆن (کیمیگایۆ) لە ساڵی ١٨۶٨ەوە لە ژاپۆندا فەرمی بووە. ئاراستەی ئەم سرودە بۆ ئیمپراتۆرەکانی ژاپۆنە و مەبەست لە «تاش بەردکردنی ڕیگاکان»، پرۆسەی بەیەکەوە نووسان و پەستبوونی بەردە وردەکانە بۆ شێوەی تاش بەردێک کە لە سروشتدا ڕوودەدات.

با فەرمانڕەوایی ئێوە

هەزار ساڵ، هەشت هەزار نەوە، بەردەوام بێت

تاکو ڕیگاکان

تاش بەرد دروست بکەن

و لەسەریاندا مۆرخە برۆوێت

سرودە فرە زمانەکان

سرودە نەتەوەییەکان بە شێوازی جیاواز و زۆربەی کات بە زمانی فەرمی وڵاتان پێشکەش دەکرێن. لە هەندێک وڵاتدا کە زیاتر لە زمانێکی فەرمیان هەیە، زۆربەی کات سرودی نەتەوەیی بە زمانە فەرمییەکانی وڵاتەکەش بوونی هەیە. بۆ نموونە لە وڵاتی سویسرا, سرودی نەتەوەیی بە چوار زمانی فەرمی فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی و ڕۆمانش بوونی هەیە.

نموونەیەکی تر ئەفریقای باشوورە کە ١١ زمانی فەرمی هەیە. لە سرودی نەتەوەیی ئەم وڵاتەدا دەستەواژەیەک لە پێنج زمان لە کۆی ١١ زمانی فەرمی ئەم وڵاتە بوونی هەیە. حاڵەتەکانی بەکارهێنانی سرودە نەتەوەییەکان زۆر و فرەن.

گۆڕانکارییەکانی سرودی نەتەوەیی

یەکێک لە نموونە تازەکانی گۆڕینی سرودی نەتەوەیی لە جیهاندا، گۆڕینی سرودی نەتەوەیی ئێران دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و گۆڕینی سرودی نەتەوەیی ئیسپانیا لە سەردەمی جەنەڕاڵ فرانكۆ لە ئیسپانیادا بوو.

بە دەسەڵات گەیشتنی جەنەڕاڵ فرانكۆ سرودی نەتەوەیی وڵاتەکە گۆڕا و بە رووخانی ئەو، دەستەواژەکان و شێعرەکانی سرودی نەتەوەیی کە بە فاشیستی دەزانران، لە سرودی نەتەوەیی سڕدرانەوە. لە ئێستادا سرودی نەتەوەیی ئیسپانیا بێ شێعرە.