جام کوردی - مرۆڤ لە ناخی خۆیدا هەمیشە تامەزرۆی بینینی رووخسارێکە کە هێشتا نەیدیوە و لەگەڵ ئەوەشدا وەک بڵێی هەمیشە ناسیویەتی. عیرفان ناوکرۆکی ئەم تامەزرۆییەیە کاتێک لە سنووری ئاسایی دەردەچێت و ئەو عەشقە دەگاتە ترۆپک. عارف دەڵێت جیهان بە هەموو رەنگ و بۆن و گەنجینەکانییەوە پەردەیەکە و لە پشتییەوە «رووی دۆست» دەدرەوشێتەوە. قورئان ئاماژەی بەم راستییە کردووە: «کُلُّ شَیْءٍ هَالِکٌ إِلَّا وَجْهَهُ». لە زمانی ئەهلی دڵدا «روو» دەرکەوتن و تەجەلای جەمالی ئیلاهییە لە ئاوێنەی بووندا و «زولف»یش ئەو پەردە و پەرێشانییەیە کە هەم دەشارێتەوە و هەم رێنوێنی دەکات.
حافز لەم غەزەلەدا زمانێکی دووڕەهەند بەکار دەهێنێت: رووی یار «مانگ»ە، چەناگەی «چاڵ»ە، زولفی «پەرێشان»ە، چاوی «نێرگز»ە، لێوی «شەکرپڕژێن»ە. بەپێی ریوایەتەکان و راڤەی راڤەکارانی دیوانی حافز، غەزەلەکە رووی لە شا یەحیای موزەففەری و شای شاری یەزدە، بۆیە چاوی رووکەش لەگەڵ ستایشی میرێک دەمێنێتەوە؛ بەڵام چاوی عارف لەسەر ئەم پەردەیە ناوەستێت و رووی «شاهەنشاهی راستەقینە» دەبینێت. ئەمە جادووی «ئیهام»ە لای حافز وادەکات هەمان وشە لە دوو جیهانی جیاوازدا خۆی بنوێنێت. رێگای ئەم غەزەلە چوار وێستگەی هەیە. یەکەم ستایشی جەمالی یار و رووناکی و درەوشاوەیی جوانیی مەعشوقە (بەیتی1)؛ دووەم نیاز و پەرێشانی و سووتانە و رازی بوون بە دەست لە گیان هەڵگرتن و فیداکاری بۆ مەعشوق (بەیتەکانی 6-2)؛ سێیەم هیوای بێداربوونەوەی بەختە و بۆن و بەرامەی رێگای دۆست (10-7)؛ چوارەم دووریی جەستە و نزیکیی دڵە و داوای هیممەت (بەیتەکانی 13-11). ئەو راستییەی حافز لە کۆتاییدا دەیڵێت: «دووریی جەستە دووریی هیممەت نییە».
بەیتی یەکەم
ای فروغِ ماهِ حسن از رویِ رخشانِ شما
آبِ رویِ خوبی از چاهِ زنخدانِ شما
واتە ئەی ئەو کەسەی رووناکیی مانگی جوانی لە رووی درەوشاوەی تۆوە وەردەگیرێت و کانیاوی چاکەکاری و خاسی لە چاڵی چەناگەی تۆوە دێت. لێرەدا حافز بە رووناکی دەست پێ دەکات. مانگ رووناکیی خۆی نییە و لە خۆرەوە وەریدەگرێت؛ «مانگی جوانی» واتە (ماهِ حسن)یش هەر وایە: هەموو جوانییەک لە جیهاندا رووناکییەکی وەرگیراوە لە رووی یار. لە عیرفاندا ئەمە «پەرتەو»ی جەمالی هەقە. وشەی «آب» لەگەڵ «چاه» رووخساری جوانی بێوێنە: چاڵ سەرچاوەی ئاوە و کانیاوی رووی جوانیش لەو چاڵەی چەناگەوە هەڵدەقوڵێت. لە نەریتی شیعریدا چاڵی چەناگە زۆرجار بە چاڵی یوسف دەچوێنرێت.
بەیتی دووهەم
کی دهد دست این غرض یا رب که همدستان شوند
خاطرِ مجموعِ ما زلفِ پریشانِ شما
واتە ئەی یار کەی ئەم مەبەستە دەست دەدات کە ئارامیی دڵی ئێمە و زولفی پەرێشانی ئێوە بەیەکەوە هاوکار بن؟ ئەمە گرێی ئەم بەیتە دژیەکییە، کە دڵی من (کۆکراوە)-ی دەوێت، بەڵام زولفی یار «پریشان»ە یان (بڵاو)ە. حافز دەپرسێت کەی ئەم دووانە دەستی یەکتر دەگرن؟ لە زاراوەی عیرفانیدا «جمع» ئارامیی دڵە لە یەکتاپەرستیدا و «تفرقه» پەرتەوازەیی لە فرەیدایە. حافز دەزانێت ئارامی لە رێی ئاڵۆزیی زولفی دۆستەوە دەگات، ئەو بێتاقەتییەی ئەوین دەیدات، رێگای ئارامیی راستەقینەیە. هەروەها هیچ کاتێک پەرێشانیی زولفی یار بە ئارامیی دڵی حافز نەگەیشتووە و ئەمە ماتەمی هەمیشەییەتی.
بەیتی سێهەم
عزمِ دیدارِ تو دارد جان به لب آمده
بازگردد یا برآید چیست فرمانِ شما
واتە گیان تا سەر لێو هاتووە و بڕیاری دیتنی تۆی داوە؛ بگەڕێتەوە یان دەربچێت؟ فەرمانی ئێوە چییە؟ ئەم وێنەیە دیمەنی دوا هەناسەکانە کە گیان لە دەمەوە دەردەچێت و دەوەستێت تا یار فەرمان بدات. عاشق نە ژیان و نە مردنی بە دەست خۆی نییە؛ گیانی بە ئامانەت لایەتی و رێگەی ئەو دەخوازێت. سۆفییان وتەیەکی ناسراویان هەیە: «بمرن پێش ئەوەی بمرن». حافز ئەم مردنە بە ئارەزووی دیدار دەگۆڕێت، گیان بۆ بینینی رووی دۆست هاتووەتە سەر لێو.
بەیتی چوارەم
دور دار از خاک و خون دامن چو بر ما بگذری
کاندرین ره کشته بسیارند قربانِ شما
واتە کاتێک بە لاماندا تێپەڕیت، دامێنت لە خاک و خوێن دوور رابگرە، چونکە لەم رێگایەدا زۆر کوژراو هەن کە قوربانیی تۆن. لێرەدا یار بەسەر لاشەی کوژراوانی عەشقدا تێدەپەڕێت و لەسەر ئەو خاکە دەڕوات کە خوێنی عاشقانی تیادا رژاوە. حافز لەو ساتەشدا نەک گلەیی، بەڵکو نیگەرانیی بۆ پاکیی داوێنی دۆستە. ئەمە ئەدەبی ئەوینە، عاشق دەمرێت و هێشتا دەیەوێت دۆست بە خوێنی ئەو پیس نەبێت. لە رووی عیرفانییەوە «کوژراو» ئەو سالکەیە کە لە رێی فەنادا خۆی دەفەوتێنێت و ئەم رێگایە، رێگای خوێن و خاکە.
بەیتی پێنجەم
دل خرابی میکند دلدار را آگه کنید
زینهار ای دوستان جانِ من و جانِ شما
واتە دڵ وڕاوە دەکات؛ دڵدار ئاگادار بکەنەوە، ئەی هاوڕێیان، بە گیانی من و گیانی ئێوە (لێتان دەپارێمەوە). کاتێک دڵ بێقەرار دەبێت و رەنگە رازی ئەوین بدرکێنێت. حافز لە لایەک دەترسێت و لە لایەکی دیکەوە داوا لە هاوڕێیان دەکات یار ئاگادار بکەنەوە تا بەزەیی پێدا بێتەوە. «خرابی» لە سۆفیگەریدا رەهەندێکی دیکەشی هەیە: وێرانە جێگای گەنجینەیە و دڵی وێران دڵی ئامادەیە بۆ تەجەللی. سوێند بە «گیانی من و گیانی ئێوە» هەم ئەوینە و هەم داوایەکە بۆ هاوکاری.
بەیتی شەشەم
کس به دورِ نرگست طرفی نبست از عافیت
به که نفروشند مستوری به مستانِ شما
واتە لە سەردەمی نێرگسی چاوی تۆدا کەس لە ساغی و سەلامەتی سوودی نەبینی؛ باشترە مەستووریی بە چاوە مەستەکانی تۆ نەفرۆشن. «دور» دوو مانای هەیە: سەردەم و خولانەوەی جام. لە سەردەمی چاوی مەستی تۆدا هەموو کەسێک ساغی و ئارامیی بووەتە قوربانی. ئامۆژگارییەکەی حافز ئەوەیە کە مەستووری مەفرۆشن بە ئەو چاوانەی هەرچی هۆشیارییە دەیکوژن. بەڵام ئەو کەسەی چاوی مەستی یاری بینیبێت، پێشتر هۆشیاریی لە دەست داوە، لە عیرفاندا «چاوی مەست»، جەزبەی هەقە کە ئەقڵ لەناو دەبات.
بەیتی حەوتەم
بخت خواب آلودِ ما بیدار خواهد شد مگر
زآن که زد بر دیده آبِ رویِ رخشانِ شما
واتە بەختی خەواڵووی ئێمە ئیدی بێدار دەبێتەوە، چونکە ئاوی رووی درەوشاوی ئێوە، پژایە سەر دیدەی.حافز لێرەدا بۆ «آب رو»ی بەیتی یەکەم دەگەڕێتەوە و مانای ئاوی راستەقینەمان دەداتێ: ئاوی رووی یار، وەک ئاوێک کە بەسەر چاوی خەوتوواندا دەپرژێنرێت و بێداریان دەکاتەوە. سۆفییان «غەفلەت»یان بە خەو و «یەقیزە»یان بە بێداریی ناو بردووە. رووی یار تەنیا جوانیی نییە؛ بەڵکو ئاگاکەرەوەشە. بینینی ئەو رووە، بەخت لە خەوی سالیکان دەبات بەرەو هەڵسان.