جام کوردی - سەرلەشکر موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە بەرنامەی «گفتوگۆی تایبەتی هەواڵ»دا، وێڕای ڕوونکردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانی وڵات، تاوتوێی دۆسیەی دانوستانەکان و نامەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکای کرد و لەبارەی ئەگەری گۆڕینی دۆکتۆرینی ئەتۆمیی ئێران لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ ڕوونکردنەوەی دا.
ناوبراو سەبارەت بە نامەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: «نامەکەی ڤانس، جێگری ترامپم خوێندەوە و هێشتا وەڵامم نەداوەتەوە.»
ڕەزایی زیادی کرد: «تۆن و شێوازی قسەکردنیان بە تەواوی گۆڕاوە، ئەمەش نیشانەیەکی باشە کە دەری دەخات گەلی ئێران سەرکەوتن و باڵادەستیی خۆی چەسپاندووە. لەبەر ئەوەی ئەوان هیچ شتێکیان لە نامەکە ئاشکرا نەکردووە، منیش لە ئێستادا هیچ ناڵێم.»
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی سەبارەت بە گۆڕینی دۆکتۆرینی ئەتۆمی گوتی: «لەبارەی گۆڕینی دۆکتۆرینی ئەتۆمی بڕیارێکی نوێ نەدراوە؛ بێگومان ئەم باسە لە ئارادایە کە ئەگەر شەڕ دووبارە دەست پێبکاتەوە ئایا ئێمە دەمانەوێت هەمان دۆکتۆرینی پێشوومان هەبێت یاخود نا.»
ناوبراو زیادی کرد: «بەڵام گەلی ئێران کۆمەڵێک داخوازییان هەیە. سەرئەنجام ئەوان دەبینن دوژمن ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێمەی کردووەتە ئامانج. دەپرسن لەبەر چ هۆکارێک لێیداوە؟ خۆ ئێمە وەڵامی ئەرێنیمان بە هەموو پشکنینەکانی ئاژانس دایەوە و یارمەتیمان دان بێن پشکنین بکەن؟ کەواتە کاتێک خەڵک ئەم شتانە دەبینن، بە شێوەیەکی سروشتی داخوازییان لە ئێمە ئەوەیە کە بۆچی دەتانەوێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت.»
بێگانەکان ناتوانن ئاسایشی ناوچەکە دابین بکەن
سەرلەشکر موحسین ڕەزایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی تاران، جەختی کردەوە: «پاش سەرکەوتنەکانی گەلی ئێران لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا و شکستی ئەمریکا لەم شەڕانەدا، هەمووان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بێگانەکان ناتوانن ئاسایشی ناوچەکە دابین بکەن و بۆ هەموو ناوچەکە ئەم پرسیارە هاتە ئاراوە کە نەزم و ڕێکخستنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بیست و پێنج وڵاتەکەی چۆن دەبێت، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم بیرکردنەوەیە دروست بووە کە ئەمریکا لەم ناوچەیە دەڕوات، ئەم خاڵە دێتە ئاراوە کە ئێستا کێ دەبێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە.»
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی درێژەی پێدا: «ڕوبیۆ چوو بۆ ئیتاڵیا و کلیلی جێگرتنەوەی بەریتانیای لە جێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە لێدا، بەڵام خۆڕاگریی دڵێرانە و قارەمانانەی خەڵکی ئێران بووە هۆی دروستبوونی ئەو ئەنجامەی کە ڕێکخستنەکانی داهاتووی ناوچەکە دەبێت لەلایەن خودی وڵاتانەوە دیاری بکرێت.»
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی زیادی کرد: «لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی تاران، هەر چوار لایەن بە بڕیارەوە هەڵوێستی خۆیان دژی ڕژێمی زایۆنی ڕاگەیاند و بڕیار درا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن، و بە پشتیوانی خوا ئەم دانیشتنە ببێتە سەرەتای ڕێکخستنی نوێ لە ڕۆژئاوای ئاسیا و گرتنەدەستی ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن خودی وڵاتانی ناوچەکەوە.»
سەرلەشکر ڕەزایی بە خستنەڕووی هەڵوێستەکانی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا ڕوونی کردەوە: «لەم کۆبوونەوەیەدا جەختمان لەسەر یەکڕیزی و سوودەکانی بۆ ئاسایشی ناوچەکە کردەوە، هەروەها جەخت لەسەر بنیاتنانی نەزمێکی نوێی هەرێمی بە ماهییەتێکی خۆماڵی و ناوخۆیی کرایەوە.»
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وەبیری هێنایەوە: «کاتێک ئێران لە بەرامبەر پێنج هەزار گەشتی فڕۆکەوانیی ناتۆدا ڕاوەستاوە، کەواتە چوار وڵات بێگومان دەسەڵاتێکی زیاتریان دەبێت و بە دڵنیاییەوە هیچ ئاسایشێکیش لە ناوچەکەدا بەبێ ئێران، ناکرێت.»
ئەگەر ئێران زیانی پێ بگات، جیهان زیانی پێ دەگات
ناوبراو بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپا لەوانە ئەڵمانیا و فەرەنسا؛ ئاماژەی بەوە کرد: «ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران دڵخۆشیی خۆی دەردەبڕی و دەیگوت ئیسرائیل کارە پیسەکەی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدات؛ بەڵام ئێستا ئەو و ماکرۆن و تەنانەت زێلێنسکیش دان بەوەدا دەنێن کە قەیرانی ئابووریی دروستبوو لە ئەورووپا و جیهاندا بەهۆی شەڕی ئەمریکا دژی ئێرانە، و ئێستا هەمووان تێگەیشتوون کە ئەگەر ئێران زیانی پێ بگات، جیهان زیانی پێ دەگات.»
سەرلەشکر ڕەزایی گوتی: «ئەمڕۆ ترامپ بۆ هەر شوێنێک بچێت دەبێت وەڵام بداتەوە کە بۆچی شەڕی دژی ئێران دەست پێکردووە؛ ئەمانە هەمووی بەهۆی خۆڕاگری و ئازایەتیی دڵێرانەی خەڵکی ئێرانە و جیهان ئەمڕۆ شایەتی توانای گەورە و کاریگەریی گەلی ئێرانە. هیچ بنەماڵەیەک لە ئەمریکادا نییە کە فشاری ناشی لە شەڕی ئێرانی بەرگە نەگرتبێت، و ئەم کاریگەرییە لە سەرانسەری جیهاندا دیارە و ئەمە ڕووداوێکی بێوێنەیە.»
بەبێ جێبەجێکردنی ٧ مەرجەکەی ئێران، گەرووی هورمز ناکرێتەوە
سەردار سەرلەشکر ڕەزایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دانوستانەکان و هاتووچۆ دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییە، وەڵامی دایەوە: «دیپلۆماسیی ئەم دواییە زیاتر لە مانگێکە دەستی پێکردووە، ئەمریکییەکان پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن، بەڵام ئێمە گوتمان هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئێوەدا نییە و ڕامانگەیاند هەتا مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێن نە گەرووی هورمز دەکرێتەوە و نە دانوستانیش دەکەین. ئێمە ڕامانگەیاند کە دەبێت گۆڕانکاری لە ڕەفتاری ئەمریکادا ببینین و جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکە دەتوانێت لە نیشانەکانی ئەم گۆڕانی ڕەفتارە بێت.»
ناوبراو لە درێژەدا باسی لە گۆڕانکاری لە وەڵامەکانی لایەنی ئەمریکی کرد و گوتی: «لە خولی نوێی دانوستانەکاندا، وەڵامەکانی لایەنی بەرامبەر بەراورد بە ڕابردوو ڕوونتر بوون و نیشانەکانی ئامادەیی بۆ قبووڵکردنی حەوت مەرجەکەی ئێران بەدی کران. دوای خستنەڕووی هەندێک ناڕوونی لەلایەن بەڕێز عێراقچی و وەرگرتنی وەڵامە نوێیەکان، وتووێژەکان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە.»
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردەوە: «ئێمە دیپلۆماسی بە هەند وەردەگرین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە مافەکانی گەلی ئێران پاشەکشە ناکەین. ئامانجی ئێمە کەلەڕەقی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی و داهاتووی وڵات هەنگاو دەنێین.»
ڕەزایی بە ئاماژەدان بە پێویستیی وەڵامدەربوونی ئەمریکا لە بەرامبەر دەستدرێژی و زیانە گەیەندراوەکان بە ئێران گوتی: «ئەگەر ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانە وەڵامدەر نەبێت، ئەم پەیامە بۆ وڵاتانی تر دەگوازرێتەوە کە دەتوانن بەبێ پێدانی باج هێرش بکەنە سەر ئێران.»
سوورین لەسەر ئەوەی شەڕەکە بە شێوەیەک کۆتایی پێ بهێنین کە ئیتر کەس بوێریی هێرشکردنە سەر ئێرانی نەبێت
نوێنەری ڕێبەری باڵا لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردەوە: «ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی شەڕ بە شێوەیەک کۆتایی پێ بهێنین کە ئیتر کەس بوێریی هێرشکردنە سەر ئێرانی نەبێت، بە قەتعییەتەوە ڕاوەستاوین و مافەکانی گەلی ئێران وەردەگرینەوە.»
سەرلەشکر ڕەزایی درێژەی پێدا: «هەندێک کەس دەپرسن ئایا ئێوە شتێکتان هەیە کە بەم شێوەیە هەڵوێستی توند وەردەگرن؟ من عەرزی دەکەم کە بەڵێ، ئێمە شتێکمان هەیە کە ئەگەر ئەمریکا هەنگاوێک بنێت قۆچی دەشکێنین؛ ئەگەر دوژمن هەڵەیەک بکات، ڕووبەڕووی لێدانی سامناک و بەرگرییەکی شانازیپێکراو دەبێتەوە.»
ناوبراو سەبارەت بە مەرجە حەوت خاڵییەکە و جیاوازییەکەی لەگەڵ لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند: «لە ڕێککەوتننامەی ئیسلام ئاباددا هەندێک ناڕوونی هەبوون کە ببوونە هۆی لێکدانەوەی جیاواز؛ وەکوو بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و وەرگرتنی پارە، کە لە مەرجە حەوت خاڵییەکەدا ئەم ناڕوونییانە چارەسەر کراون.»
بە پتەوییەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی ئێران ڕاوەستاوین
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری وتووێژ لە بواری ئەتۆمیدا، گوتی: «ئێمە ئەندامی ئێن پی تیین (NPT) و بیست و دوو مافمان هەیە، و ئەگەر بڕیار لەسەر وتووێژی ئەتۆمی بێت، ئێمە داوای مافەکانی خۆمان دەکەین، کەواتە بە پتەوییەوە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی ئێران ڕاوەستاوین و بێگومان پرسی کاتیش لەبەرچاو دەگرین. ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی ئەمریکییەکانین؛ گەرووی هورمز ئەگەری کردنەوەی نییە مەگەر بە مەرجی جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەی ئێران.»