بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شانزەهەمین پێشانگای تایبەتمەندی کاری دەستی کرماشان لە 1 تا 5ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و بەرهەمهێنەرانی پارێزگا جیاجیاکانی وڵات بەڕێوە دەچێت.
ئەمین کۆگانی، بریکاری بەرپرسی پیشە دەستییەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی میراتی فەرهەنگی، گەشتوگوزار و پیشەی دەستی پارێزگای کرماشان، ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و وتی: نزیکەی 200 کۆشک بۆ ئەم پێشانگایە پلانی بۆ دانراوە کە نیوەیان تایبەتە بە هونەرمەندان و بەرهەمهێنەرانی کرماشان و نیوەکەی تریشی دانراوە بۆ چالاکانی پیشەسازیی دەستی پارێزگاکانی دیکە.
بە وتەی ناوبراو، هونەڕمەندگەلێک لە پارێزگا و شارە دیارەکانی پیشەسازی دەستی وڵات لەوانه ئیسفەهان، هەمەدان و لالەجین لەم بۆنەیەدا، ئامادە دەبن.
بە گوتەی کۆگانی، ئەم پێشانگایە تەنیا لە پێشکەشکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکاندا سنووردار نییە و ئەنجامدانی ڤۆرک شۆپی پەروەردەیی و تایبەتمەند بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی دیار و بەشداری کۆمپانیاکانی زانست ـ بنەما، لە بەرنامە پێشبینیکراوەکانی دیکەیە؛ توانایەک کە بتوانێت بنەمایەک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ناساندنی داهێنانەکان و بەستنەوەی هونەرە تەقلیدییەکان بە تەکنەلۆژیای نوێ دابین بکات.
60 پیشەی چالاک؛ گەنجینەی هونەر و ناسنامەی کرماشان
کرماشان بە پێشینەی فەرهەنگی و نەتەوەیی هەمەچەشنی، بە یەکێک لە بنەچە گرنگەکانی پیشە دەستییەکانی ئێران دادەنرێت.
لە گڵێم و جاجیم و مەوجەوە تا دەگاتە نەمەد و چەرم دووری و مۆنەبەت کاری و دارتاشی و دروستکردنی ئامێری نەریتی، هەریەکەیان ڕەنگدانەوەی بەشێک لە ناسنامەی هونەری و بایۆکلتوری ئەم ناوچەیەن.
لە کۆی گشتی 250 لقی کاری دەستی پەسەندکراوی وڵات، 60 لقی کاری دەستی لە کرماشان چالاکن؛ توانایەک کە بە پشتگیری هونەرمەندان و پەرەپێدانی بازاڕی فرۆشتن و درووست کردنی دەرفەتی هەناردەکردن، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە میحوەرەکانی ڕەخساندنی هەلی کار و خۆشگوزەرانی ئابووری ناوخۆیی پارێزگاکە.
جگە لە پیشەسازییە چالاکەکان، کۆمەڵێک هونەری نەریتی کرماشانیش مەترسی لەبیرکردنیان لەسەرە!
شازدەهەمین پێشانگای تایبەتمەندی پیشەسازی دەستی کرماشان دەرفەتێکە بۆ بینینی ئەو توانایانە و ناساندنی ئەو هونەرانەی کە لە دەرەوەی بەرهەمێکی دیکۆراتی، بەشێکن لە یادەوەری مێژوویی و ناسنامەی کولتووری خەڵکی ئەم خاکە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جوگرافیای کرماشان و نزیکیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئامادەبوونی بازرگانان و چالاکانی ئابووری و ئارەزومەندانی عێراقی لەم پێشانگایەدا دەتوانێ دەرفەتێکیش بێت بۆ ناساندنی کارە دەستییەکانی پارێزگاکە و پەرەپێدانی بازاڕی فرۆشتن و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان؛ دەرفەتێک کە ئەگەر پلانی ئامانجدار و بانگهێشتنامەی لەگەڵدا بێت، هونەری هونەرمەندانی کرماشان لە کۆشکەکانی پێشانگاکانەوە دەباتە بازاڕەکانی عێراق.