جام کوردی - وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕاگەیاندنی زیادبوونی ئامادەییی ئۆپەراسیۆنیی هێزە چەکدارەکان لە دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژە، هەواڵی نوێکردنەوەی چەک و چۆڵ، پەرەپێدانی کەرەستە و تەقەمەنیی هێرشبەری و بەرگری، بەهێزکردنی توانای شەڕی ئەلیکترۆنی و نوێکردنەوەی بانکی ئامانجەکانی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری دەستدرێژیی دووبارەدا، پانتاییی وەڵامدانەوەی ئێران دەتوانێت لە سنووری ڕۆژئاوای ئاسیا تێپەڕێت و پەرە بستێنێت.

 ئەمیر سەرتیپ محەمەد ئەکرەمی‌نیا، وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا، بە شیکردنەوەی ڕەهەندە ستراتیژییەکانی دیداری فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وێڕای ئاماژەدان بە بەهێزکردنی ئامادەییی ئۆپەراسیۆنی، نوێکردنەوەی بانکی ئامانجەکانی دوژمن و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و هێرشبەری، گوتی: «کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری، لە ئاستێکی بەرزتری ئامادەییدایە بەراورد بە دەستپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژە.»

ناوبراو بە ئاماژەدان بە جەختکردنەوەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەسەر «ئامادەییی جەنگیی ژیرانە» زیادی کرد: «ئەم ڕوانگەیە یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ستراتیژیی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە چەکدارەکان توانیویانە بە کەڵکوەرگرتن لە شەڕی ناهاوسەنگ و نایەکسان، بەشێک لە کەلێنی کەرەستەیی خۆیان لەگەڵ دوژمن لە ڕێگەی ژیریی ئۆپەراسیۆنی و بەکارهێنانی تاکتیکی گونجاوەوە قەرەبوو بکەنەوە.»

وتەبێژی ئەرتەش بە دەربڕینی ئەوەی کە «ئەزموونی شەڕی ئەم دواییە گرنگیی ئامادەییی جەنگیی ژیرانە دەسەلمێنێت»، ڕایگەیاند: «هێزە چەکدارەکان بە پشتبەستن بە توانا ئۆپەراسیۆنییەکان، تەدبیری فەرماندەیی و پشتیوانیی گەل توانییان شەڕەکە بەڕێوە بەرن و دوژمن پاش نزیکەی ٤٠ ڕۆژ ناچار بوو ئاگربەست ڕابگەیەنێت. ئەم ئەزموونانە ئێستا کراونەتە بنەمای بەرزکردنەوەی توانای شەڕکردن و ئامادەباشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکانی داهاتوو.»

ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمی‌نیا بە ئاماژەدان بە جەختی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەسەر وەڵامدانەوەی بێ سنووری جوگرافی، گوتی: «لە شەڕی پێشوودا، بازنەی پێکدادانەکان لە خاکی داگیرکراوەوە تا بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە درێژ بووەوە، بەڵام لە ئەگەری دەستدرێژیی دووبارەدا، جوگرافیای شەڕ دەکرێت بۆ ناوچەگەلێکی دەرەوەی ڕۆژئاوای ئاسیاش پەرە بستێنێت.»

ئەو جەختی کردەوە: «هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی فەرمانە دەرچووەکاندا، نوێکردنەوەی بانکی ئامانجەکان بە مەبەستی لێدانی هەموو جۆرە سەروەت و سامانی مادی و نامادیی دوژمنی ئەمریکی ـ زایۆنی پێوشوێن دەگرن، و لە کاتی دەستپێکردنی سەرکێشییەکی نوێدا، دامەزراوە، کەلوپەل، هێزەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەر شوێنێک کە لە بەردەستدا بن، دەکرێت ببنە ئامانجی وەڵامدانەوە.»

وتەبێژی ئەرتەش بە ئاماژەدان بە پەیامی بڵاوکراوەی خۆی لەم بارەیەوە وتیشی: «شەڕی داهاتوو جوگرافیایەکی فراوانتری دەبێت و ئەم بابەتە ڕوانگەیەکی جدییە لەنێو کۆی هێزە چەکدارەکاندا، و نابێت دوژمن وا بزانێت کە پانتاییی وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە سنووری جوگرافیای شەڕەکانی پێشوودا دەمێنێتەوە.»

ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمی‌نیا هەروەها بە پێداگری لەسەر پێویستیی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک گوتی: «ئەزموونی دەستپێکی شەڕ لە ٩ی ڕەشەممە دەریخست کە هێزە چەکدارەکان ئامادەییی تەواویان بۆ کاردانەوەی خێرا هەبووە و ئێستاش بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە ئۆپەراسیۆنییەکان و بەهێزکردنی ڕێکخستنی جەنگی، لە ئاستێکی باڵاتری ئامادەییدان.»

ناوبراو سەبارەت بە مەرجەکانی کۆتاییهاتنی شەڕی ئەگەریی داهاتوو ڕوونی کردەوە: «سەرۆککۆماری ئەمریکا پێش شەڕی ٤٠ ڕۆژە بیری لەوە دەکردەوە کە دەتوانێت شەڕێکی کورت و بروسکاویس دەست پێ بکات و دواتر بە شێوەیەکی تاکلایەنە کۆتایییەکەی ڕابگەیەنێت، بەڵام پێشهاتەکانی شەڕ سەلماندیان کە بەڕێوەبردن و کۆتاییهێنانی شەڕ بە تەنیا لەژێر ویست و ئیرادەی واشنتۆندا نابێت.»

وتەبێژی ئەرتەش هۆشداریی دا: «لە ئەگەری دەستدرێژیی نوێ، شەڕی ئەگەریی داهاتوو دەکرێت زۆر درێژخایەنتر بێت لە شەڕی ڕابردوو، و سەرۆککۆماری ئەمریکا ناتوانێت بە تەنیا کات و مەرجەکانی کۆتاییهاتنەکەی دیاری بکات. خەڵکی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەو وڵاتەش دەبێت بزانن کە دەستپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیاریکردنی چارەنووسی پێکدادانێکی لەو شێوەیەدا، ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتیی دەبێت.»

ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمی‌نیا لە درێژەدا، قووڵکردنەوەی بەرگریی خۆماڵی و نوێکردنەوەی دۆکتۆڕین و تاکتیکە سەربازییەکانی بە یەکێکی دیکە لە تەوەرە جەختلێکراوەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دانا و گوتی: «ڕەوتی گۆڕانی دۆکتۆرینی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕوانگەیەکی تەنیا بەرگرییانەوە بەرەو ڕوانگەی هێرشبەری لە ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە و لە شەڕی ئەم دواییەشدا ڕەنگدانەوەی کردەییی هەبووە.»

ناوبراو زیادی کرد: «هێزە چەکدارەکان بە کەڵکوەرگرتن لە تاکتیکی نوێ و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازی هەوڵیان داوە توانای وەڵامدانەوە بە هەڕەشەکان بەپێی بارودۆخی نوێ زیاد بکەن و ئەم ڕەوتە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.»

وتەبێژی ئەرتەش بە ئاماژەدان بە هەنگاوە ئەنجامدراوەکان لە سەردەمی ئاگربەستدا گوتی: «لەم ماوەیەدا، بەشێک لە چەکەکان نوێ کراونەتەوە و کەرەستەی نوێ بۆ ڕێکخستنی جەنگی زیاد کراون و تەکنەلۆژیا و تاکتیکی نوێش بەکار هێنراون؛ سەرجەمی ئەم هەنگاوانەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئامادەییی شەڕکردنی ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی تر بەراورد بە دەستپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژە زۆر زیاتر بێت.»

ئەو هەروەها بەهێزکردنی توانای مەعنەوی و ڕۆحیەی جیهادیی بە یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان دانا و وتی: «پاڵنەری بەرگریکردن لە وڵات، لە تەنیشت کەرەستە و تواناکانی ئۆپەراسیۆنی، ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە پاراستنی ئامادەییی شەڕدا.»

ئەکرەمی‌نیا بە دەربڕینی سوپاس بۆ ئامادەبوونی خەڵک لە کۆبوونەوە شەوانەکاندا بۆ پشتیوانیکردن لە هێزە چەکدارەکان گوتی: «بەردەوامیی ئەم کۆبوونەوانە کە لە شەوی دووسەد و چل و چوارەم نزیک بووەتەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ورە، هاندان و هەستی بەرپرسیارێتیی هێزە چەکدارەکان بەرانبەر بە میللەت.»

وتەبێژی ئەرتەش هەروەها سوپاسی پشتیوانییەکانی حکومەت و وەزارەتی بەرگری کرد لە دابینکردنی پێداویستییەکان، سەرچاوە دارایییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکانی تری هێزە چەکدارەکان و ئەم پشتیوانییەی بە یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان لە پاراستن و بەرزکردنەوەی ئامادەییی ئۆپەراسیۆنی ناوبرد.

ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمی‌نیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە میکانیزمی هەماهەنگیی نێوان ئەرتەش، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی تر لە ئەگەری ڕوودانی هەڕەشەی هاوکات لە چەندین بەرەوە، ڕوونی کردەوە: «هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەمیشە لە بەرنامەی کاری هێزە چەکدارەکاندا بووە و ئەم هەماهەنگییە لە درێژەی شەڕی ئەم دواییەشدا بەردەوام بووە.»

ئەو وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئاستی هەماهەنگیی هێزە چەکدارەکان دوای شەڕ زیاتر لە جاران بەهێز کراوە، گوتیشی: «بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان لە بەرە جیاوازەکانەوە، پلانی ئۆپەراسیۆنی پێشبینی کراوە و بە یەکەکان ڕاگەیەندراوە، و هێزە جێگیرکراوەکان لە سنوورەکانی وڵات لە ئامادەییی تەواودان.»

وتەبێژی ئەرتەش لە ڕوونکردنەوەی بەشێک لە ئەزموونەکانی شەڕی پێشوودا ڕایگەیاند: «دوژمن لە ڕێگەی پڕچەککردنی گرووپە دژە شۆڕش و جوداخوازەکانی جێگیر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەدوای دروستکردنی بەرەیەکی زەمینی لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەوە بوو، بەڵام جێگیرکردنی یەکەکانی هێزە چەکدارەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە دژی بنکە و بارەگاکانی ئەم گرووپانە، ڕێگری لە هاتنەدیی ئامانجەکانیان کرد.»

ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمی‌نیا زیادی کرد: «لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش و هەروەها تواناکانی مووشەکی و درۆنیی هێزە چەکدارەکان، بنکەکانی ئەو گرووپانەیان کردە ئامانج و دەستپێشخەری لەوان سەندرایەوە.»

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەزموونە بەدەستهاتووەکانی شەڕ بوونەتە هۆی زیادبوونی متمانەبەخۆبوون و ئامادەییی هێزە چەکدارەکان، جەختی کردەوە: «دڵنیایی دەدەین کە ئارایشی بەرگری و ئامادەییی یەکەکانمان لە سەرانسەری سنوورەکانی وڵاتدا لە بەرزترین ئاستدایە.»