جام کوردی - وتەبێژی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووبوونەوەی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆندا پابەندی هیچ سنوورێکی جوگرافی نابن؛ هاوکات دیاریکردنی بانکێکی نوێ لە ئامانجەکان و داڕشتنی ئۆپەراسیۆن لە چوارچێوەی جوگرافیای تازەدا خراوەتە کارنامەی سەرەکیی سوپاوە.

سەردار حوسێن موحەبی لە وتارێکدا ئاماژەی بە دەستکەوتە مەیدانی و هەواڵگرییەکانی هێزە چەکدارەکان کرد و گوتی: «ئامانجی سەرەکیی دوژمن ڕووخاندنی دەسەڵات و پارچەکردنی خاکی ئێران بوو، بەڵام تووشی شکستی یەکلاکەرەوە هاتن. لە لایەکی دیکەشەوە، دۆکتۆرینی ئەمریکا بۆ مانەوە لە ناوچەکە بە بیانووی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی و وزە بە تەواوی داڕما؛ واشنتۆن سەرەڕای بوونی هێزێکی دەریایی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت نەیتوانی بۆ چەند کاتژمێرێک گەرووی هورمز بکاتەوە و سەلمێنرا کە توانای پاراستنی ئاسایشی کەنداوی فارسی نییە.»

وتەبێژی سوپای پاسداران سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ڕوونی کردەوە کە ئەو بنکانە نەک نەیانتوانیوە ئاسایش بۆ وڵاتانی میواندار دابین بکەن، بەڵکوو بوونەتە سەرچاوەی نائارامی و مەترسی بۆ خودی ئەو وڵاتانە؛ چونکە ئەمریکا تەنانەت توانای پاراستنی بنکەکانی خۆی لە بەرانبەر گورزەکانی ئێراندا نەبووە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕەهەندە هەواڵگری و تەکنەلۆژییەکان و جەختی کردەوە: «ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە شکستی بە باڵادەستیی هەواڵگری و سەربازیی ئەمریکا هێنا. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە کە ئیدیعای دەستپێڕانەگەیشتنیان دەکرد، بنکەکانیان ئاشکرا و کرانە ئامانج. هەروەها خستنەخوارەوەی فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیای دەریایییان دەریخست کە کەرەستە سەربازییەکانی واشنتۆن بێ‌ڕکابەر نین و تەنانەت توانای بەرگریکردن لە خۆیشیان نییە.»

سەردار موحەبی بە پشتبەستن بە ڕێنوێنییەکانی ئەم دواییەی ڕێبەری باڵای ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان، ئاماژەی بە دۆکتۆرینی نوێی تاران کرد و زیادی کرد: «ئاستی بەرپەرچدانەوە بۆ قۆناغی "بەرپەرچدانەوەی باڵا" بەرز کراوەتەوە، بە جۆرێک کە هیچ لایەنێک بوێریی هەڵوێستوەرگرتن یان چاوچنۆکیی خاکی بەرانبەر ئێران نەمێنێت. هێزە چەکدارەکان ئامادەی وەڵامدانەوەی توندن و لەم پێناوەدا ڕووبەری شەڕەکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنوورە پێشووەکان بەرفراوان دەبێت.»