جام کوردی - ئەنجوومەنی گەلی شەنگال لە وەڵامێکدا بۆ ڕەخنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەنگاوی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لەناو دەزگاکانی عێراقدا، بە ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگەی ئێزدی بەدی هاتووە و دەستپێکی قۆناغێکی مێژوویی نوێیە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە: «دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو هەنگاوە لەسەر ناوی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک نراوە بە ئەرێنی دەبینین؛ زیاتر لە هەزار ساڵە بۆ یەکەمین جارە دەوڵەت دان بە ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدیدا دەنێت و لەگەڵ نوێنەرە ئازادەکانیدا ڕێککەوتنێکی ئاشکرا ڕادەگەیەنێت.»

ئەنجوومەنی گەلی شەنگال ڕوونیشی کردەوە که ئەم تێکەڵبوونە دیموکراتیکە تەنیا یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان لەخۆ ناگرێت، بەڵکو گشت دەزگا و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی دەگرێتەوە و دەستکەوتێکە کە بە خوێنی شەهیدانی ٧٤ـەمین جینۆساید بنیاد نراوە. ئەنجوومەنەکە هۆشداری دا کە ئەو کەسانەی ئەم ڕێککەوتنە بە مەترسی نیشان دەن، دەیانەوێت لەسەر خوێنی کۆمەڵگەکە بازرگانی بکەن و شەنگال بێپاراستن بهێڵنەوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە دراوە کە تێپەڕبوونی ٢٣ ساڵ بەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و چارەسەرنەکردنی کێشەی شەنگال، هۆکار بوو تاوەکو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا لە چوارچێوەی دەستووردا وەک پێویستییەکی سەرەتایی سەیر بکرێت. هەروەها جەخت کرایەوە که چارەسەری بەردەوام تەنیا لە داننان بە پێگەی تایبەتی شەنگال و ئیدارەی خۆجێییدا دەبینرێت.

سەبارەت بە ڕەخنە و هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجوومەنی گەلی شەنگال داوای کرد کە سەرجەم لایەنەکان ڕێز لە ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی بگرن و ڕایگەیاند: «دۆزی ئێزدییەکان دۆزێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەییە؛ هیچ لایەنێک مافی نییە ئەم ڕاستییە بە کەم نیشان بدات. بەستنەوەی کێشەی شەنگال بە کوردبوون و نەبوونی ئێزدییەکانەوە، پێچەوانەکردنەوەیەکی بەمەبەستە بۆ پەردەپۆشکردن و دوورخستنەوەی کۆمەڵگەکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی.»