بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوە و نووسراوی خەرجکردنی پارەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری نێردراوە. بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی دووشەممە واژۆی کۆتایی لەسەر نووسراوەکە بکرێت و ڕۆژی سێشەممە بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق بنێردرێت.ئەگەر پارەکە ڕۆژی سێشەممە بگاتە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، هەمان ڕۆژ خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دابەشکردن دەست پێدەکات؛ ئەگەرنا، وەرگرتنی پارەکە دەکەوێتە ڕۆژی چوارشەممە. بەپێی ئەم پلانە، پێنجشەممە مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دەدرێت و مووچەی فەرمانبەرانی دیکە لە هەفتەی داهاتوودا دابەش دەکرێت.لە لایەکی دیکەوە، لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ بەرەو تەواوبوون دەچێت و پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ی خانەنشینان و پارەی سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتییش دەستی پێکردووە.