جام کوردی - عەلی باقری، جێگری نێودەوڵەتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران، لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ پەکین و دوای دیدار لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، ڕایگەیاند کە تاران و پەکین لە زۆرینەی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا خاوەن هەڵوێست و تێڕوانینی هاوبەشن. ناوبراو ئامانجی ئەم سەردانەی بە گۆڕینی ئەم خاڵە هاوبەشانە بۆ بواری هاوکاریی دوولایەنە و بەهێزکردنی هاوسەنگییە ستراتیژییەکان وەسف کرد.

باقری بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا و رژێمی صهیونیستی هۆکاری سەرەکیی شەڕ و نائارامیی ناوچەکەن، جەختی کردەوە کە پەکین تیرۆرکردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و بنەماڵەکەی بە تاوانێکی بێوێنە و مەزن زانیوە و بە توندی سەرکۆنەی کردووە. جێگری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە چین پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی تاران دەکات لە بەرگریکردن لە سەروەریی خاک و بەرژەوەندییەکانیدا، هەم لە بواری سەربازی و هەم لە پڕۆسەی دیپلۆماسیدا.

بە گوتەی باقری، لایەنی چینی پێشوازی لە پێشنیاری تاران بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەگەڵ پاکستان، عەرەبستان و تورکیا کردووە و جەختی لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی و بێبەشکردنی دەستتێوەردانی دەرەکی کردووەتەوە.