جام کوردی - بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی حکومی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، دانیشتنێکی نائاسایی بەڕێوەدەبات بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی ۲۰۲۷.

سەرچاوەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر ڕەشنوسی بودجە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندکردنی پێش کۆتایی هاتنی ئەم ساڵە.

پێشتر لە ۲۷ی ئەیلوولدا، وەزارەتی دارایی ڕەشنوسی بودجەکەی ڕادەستی ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری کردبوو، دوای ئەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش لە ۴ی تشرینی یەکەمدا میوانداری وەزیری دارایی کردبوو بۆ تاوتوێکردنی پێشینەکانی بودجە.

جێی باسە ئامادەکردنی بودجەی ۲۰۲۷ لە کاتێکدایە کە خشتەکانی بودجەی ۲۰۲۵ و یاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۶ پەسەند نەکران، کە ئەوەش وا‌ی کرد خەرجییەکانی دەولت لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بە پەیڕەوکردنی میکانیزمی خەرجکردنی کاتی (ڕێژەی ١/١٢) بەڕێوەچوون.