وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕی ٨٣٤ ملیار و ٩٢٠ ملیۆن دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، بەهۆی کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی فەرمی، تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە بۆ سبەی دواخراوە.پێشبینی دەکرێت لیستی مووچەی مووچەخۆران ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە و دابەشکردنی مووچەکان لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەست پێبکات، بە جۆرێک لە ماوەی چوار ڕۆژدا مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەش بکرێت.هۆکاری دواخستنی دابەشکردنی مووچەکان پەیوەندی بە ڕێکارە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی سیستەمی (ACH) ـەوە هەیە، کە پێویستی بە ماوەیەکی تەواو هەیە. هەروەها، پشووی فەرمیی ڕۆژانی هەینی و شەممەی بانکی ناوەندیی عێراق کاریگەری لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکان دادەنێت.لە هەمان کاتدا، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە تەمویلی مووچەکان وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نانەوتی بڕاوەتەوە. هەروەها، بڕی ٤ ملیار و ٤٧٦ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار دینار لە شایستەی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی مانگەکانی ڕابردوو نەنێردراوە.