دوای دوو ساڵ وەستانی چالاکییەکانی، پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی ٥٢ پەرلەمانتار کارایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا. ئەم هەنگاوەش بووە بابەتی سەرنجی ژمارەیەک لە میدیا عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان.هەندێک لەو میدیایانە کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بە هەنگاوێک بۆ شکاندنی بنبەستی سیاسی و چالاککردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێم باس کردووە. هەروەها هەڵبژاردنی ڤاڵا فەرید و دوو پەرلەمانتاری پێکهاتەکان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی، لەگەڵ گرنگیی بەشداریی پێکهاتەکان، لە ڕاپۆرتەکاندا جێی بایەخی تایبەتی بووە.لە لایەکی دیکەوە، لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەتوانێت ڕێگا بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، خۆش بکات. هەروەها ئەم هەنگاوە بە پەیوەندییەوە بە هەوڵەکانی هەرێم بۆ ناساندنی خۆی وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان باس کراوە.لە پەیوەندییەکی دیکەدا، ئەمڕۆ کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانیان کرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوە؛ ئەم سەردانەش بە مەبەستی پیرۆزبایی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەنجام درا.