جام کوردی - عەبدولستار ئەحمەد دەلیمی، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئەنبار، ڕۆژی پێنجشەممە ئاشکرای کرد کە مەرجەکانی مقاومەتی ئیسلامی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا زۆر ڕوونن و دەبێ لەلایەن حکومەتی «عەلی فالح ئەلزێدی»یەوە جێبەجێ بکرێن.

دەلیمی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی «المعلومه»ی ڕاگەیاند: «مقاومەتی ئیسلامی مەرجەکانی خۆی پێشکەشی حکومەت کردووە لە بەرامبەر بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسیدا بەبێ دەوەردان و هەژموونی ئەمریکا؛ ئەم مەرجانەش بريتین لە: کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی هێزە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەرچوونی هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراق، گەڕانەوەی دوورگەکان، کێڵگە نەوتییەکان و ئەو خاکانەی لەلایەن کوێت و عەرەبستانی سەعوودییەوە داگیر کراون، هەروەها ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و دەوەرداننەکردن لە کاروباری ناوخۆییدا.»

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: «مقاومەت پلانی "تام باراک"ی، نێردەی ترامپی، ڕەتکردەوە؛ چونکە ئەم پلانە لە چوارچێوەی هەوڵێکدایە بۆ لاوازکردنی عێراق و کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی مقاومەت لە بەرامبەر داگیرکەردا، و ڕێگە بۆ بەئامانجگرتنی تێکۆشەرانی مقاومەت بەبیانووی جۆراجۆر خۆش دەکات.»

ئەو سیاسەتمەدارە سوننەیە ڕوونی کردەوە کە «پرسی چەکدارکردن یان ڕادەستکردنی چەکی مقاومەت، پەیوەستە بە هەمان ئەو ڕێکارانەی کە بۆ ڕادەستکردنی چەک لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردەوە پەیڕەو دەکرێن، و دەبێ مامەڵەیەکی پیشەگەرانە و بێ دووفاقی لەگەڵ هەردوو بابەتەکەدا بکرێت.» ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە «حکومەتی زێدی ناچارە مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشدا وەک هێزگەلێک بکات کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ناوەندین.»