وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان داتای پسووڵەی کرێی کارەبای مانگی هەشتی لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئەو داتایانە، لە ماوەی ٣٤ ڕۆژدا نیوەی هاوبەشانی ماڵان بە تێکڕای بەکارهێنانی ٤٢٩ کیلۆوات کاتژمێر، بڕی ٣١ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.لە ئاستی پارێزگاکاندا، هەڵەبجە بە تێکڕای بەکارهێنانی ٣٨٠ کیلۆوات کاتژمێر، نیوەی هاوبەشانی کەمتر لە ٢٧ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە. لە سلێمانیش بە بەکارهێنانی ٤١٦ کیلۆوات کاتژمێر، بڕی گەڕاوە بۆ نیوەی ماڵان کەمتر لە ٣٠ هەزار دینار بووە.لە هەولێر، بە تێکڕای بەکارهێنانی ٤٢٣ کیلۆوات کاتژمێر، نیوەی ماڵان نزیکەی ٣١ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا دهۆک بە تێکڕای بەکارهێنانی ٥٣٧ کیلۆوات کاتژمێر، بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبای تۆمار کردووە و نیوەی ماڵانی پارێزگاکە ٤١ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٪ی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی سوودیان لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری وەرگرتووە و زیاتر لە ٨٠٪ی هاووڵاتیان بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن، بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە دەیاندا.