بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی چڕی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بڕێکی زۆر ئاو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆبووەتەوە و بەنداوی ئاوەسپی، باوەشاسوار و تورەجاڕ بە تەواوی پڕ بوون و سەرڕێژیان کردووە.جەبار مەحموود، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی گەرمیان، ڕایگەیاندووە کە سەرڕێژبوونی ئەم بەنداوانە دەبێتە هۆی دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری، بووژاندنەوەی کەرتی ئابووری و گەشتیاری و زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی، هەروەها یارمەتیی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دەدات.بەپێی ڕوونکردنەوەکانی بەڕێوەبەری بەنداوەکان، زۆریی سەرچاوەکانی ئاوی ڕژاوە بۆ ناو بەنداوەکان، لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ لە ماوەیەکی کەمدا، وای کردووە زەوی نەیتوانێت بە خێرایی ئاوەکان هەڵبمژێت و بەشێکی زۆری ئاوەکان ڕاستەوخۆ بەرەو بەنداوەکان ڕۆیشتوون.بەپێی زانیارییەکان، بەنداوی ئاوەسپی لە نزیک قەزای کفری، بە بەرزیی ٢٨ مەتر و درێژیی ٢٢٠ مەتر، توانای گلدانەوەی زیاتر لە ٢١ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوی باوەشاسوار لە سنووری قەزای کفری، ٢١ مەتر بەرزی و توانای گلدانەوەی ٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوی تورەجاڕیش لە سنووری شێخ تەویل لە قەزای کەلار، ١٧ مەتر بەرزی و توانای گلدانەوەی ٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
سێ بەنداوی گەرمیان بەهۆی بارانبارینی چڕەوە پڕ بوون و سەرڕێژیان کرد
جام کوردی - بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو، سێ بەنداو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سەرڕێژ بوون، ئەمەش سوودێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریی ناوچەکە دەگەیێنێت.
3 کاتژمێر لەمەوبەر