جام کوردی - وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ۹ دەستکەوتی سەرەکیی هێزی هەوافەزای ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی لە کڕیار و هاوردەکاری چەکی ئاسمانییەوە گۆڕاوە بۆ هەناردەکاری بەرهەمە سەربازییەکان لە بوارەکانی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیدا.

سەردار حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند هێزەکانیان لە ڕێگەی پشتڕۆبەستن بە زانستی ناوخۆیی توانیویانە لە پێداویستییە دەرەکییەکان ڕزگاریان بێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران ئیتر چەک هاوردە ناکات و پێویستی بە ڕاوێژکارانی سەربازیی بیانی نییە، بەڵکو ئێستا چەندین کەرەستەی سەربازی وەک مووشەکی «ئارمان»، درۆنی «۳۵۸» و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی «سێیەمی خورداد» هەناردەی دەرەوە دەکات، هەروەها درۆنی «شاهید ۱۳۶»یش لە ئاستی جیهاندا لەبەرگیراوەتەوە.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنیان لە کاتی پێکدادانەکاندا، موحیبی باسی لەوە کرد کە توانیویانە توانای بەڕێوەبردنی مەیدانی لە ژێر بۆردومانی چڕدا بپارێزن و ئاراستەکردنی مووشەکەکانیان بەردەوام بێت. ناوبراو لە باسی هاوسەنگیی هێزدا ئیدیعای ئەوەی کرد کە هێزەکانیان لە یەک دوو هەفتەی ڕابردوودا توانیویانە حەوت درۆنی سیخوڕیی پێشکەوتووی جۆری (MQ-170) لە ڕێگەی شەڕی ئەلیکترۆنییەوە کۆنترۆڵ بکەن و بەبێ زیان بیاننیشننەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، وتەبێژی سوپای پاسداران باسی لە کەرتی بەرگریی ئاسمانی کرد و گوتی، لە قۆناغەکانی پێشوودا توانراوە بەرپەرچی دەیان فڕۆکە و درۆنی وەک F-35، F-16 و جۆرەکانی MQ و RQ بدرێتەوە کە زانیاریی وردتری لەلایەن سوپای کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات وەک گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە بەرهەمهێناندا، ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئێران توانای ئەوەی پەیدا کردووە هێڵی بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن لە سەر زەوییەوە بگوازێتەوە بۆ قووڵایی زەوی. بە وتەی موحیبی، لە تەنیشت شارۆچکە مووشەکییە کۆگاکراوەکانی پێشوو، ئێستا «شاری بەرهەمهێنانی مووشەک لە ژێر زەوی» دروست کراوە تا تەنانەت لە کاتی هێرش و شەڕیشدا هێڵی دروستکردنی چەک نەوەستێت.

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە کەرەستە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان بەهۆی کەمکردنەوەی توانای ئاشکرابوونیان بە ڕادار، توانیویانە بەناو سیستەمە بەرگرییە پێشکەوتووەکانی وەک پاتریۆتدا تێپەڕن، هەروەها بەرپەرچدانەوەی هێرش بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ژێرخانە تەکنەلۆژی و هەواڵگرییەکانی بەرانبەر، بووەتە هۆی دروستکردنی هاوکێشەیەکی نوێی پێشپێگرانە.