دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم سبەی یەکشەممە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. خانەنشینانی مەدەنی و پێشمەرگە یەکەم توێژ دەبن کە مووچەکانیان وەردەگرن و پرۆسەکە ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت.ئەم مانگە یەک ملیۆن و ٣٠ هەزار مووچەخۆر مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن و یەک ملیۆن و ١٥٠ هەزار کەس لە پڕۆژەی «هەژماری من» تۆمار کراون. هەروەها ١٤ هەزار مووچەخۆری دیکەش لەم مانگەوە مووچەکانیان بووەتە دیجیتاڵی.بەپێی زانیارییەکان، ٢٥ هەزار مووچەخۆر ئەم مانگە مووچەیان ڕادەگیرێت؛ ١٠ هەزاریان هێشتا تۆمار نەکراون و ١٥ هەزاریش کارتیان ئامادەیە، بەڵام وەری نەگرتووەتەوە. لە بەرامبەردا، کارتی ٢٨ هەزار مووچەخۆر لە بانکەکان ئامادەی وەرگرتنەوەیە.دابەشکردنی مووچە بە کاشیش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوانەی لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون، بەڵام کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە یان چالاک نەکراوە. هەروەها بڕیارە مووچەی ئەو کەسانەی دوو مانگ بەسەر ئامادەبوونی کارتەکانیاندا تێپەڕێت و وەریان نەگرنەوە، تا وەرگرتنەوەی کارت ڕابگیرێت.