جام کوردی -   لێدوانە نوێیەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پشتگیریکردن لە «هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر» و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی ئەم ناوچەیە، لە نیگای یەکەمدا ڕەنگە پەیامێکی هیوابەخش بێت بۆ هەولێر؛ بەڵام بۆ خەڵکێک کە چەندین جار تێچووی متمانەکردنیان بە بەڵێنەکانی واشنتن داوە، ئەم ڕستگانە زیاتر لەوەی مزگێنیدەر بن، بیرخەرەوەی پرسیارێکی مێژووین: ئەمریکا کەی بەڕاستی لە پاڵ کورددا وەستابوو کە ئەمڕۆ دووبارە باس لە پشتیوانیی یەکجاریی خۆی دەکاتەوە؟

مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کورد، پڕە لەو بەڵێنانەی کە چەندین جار لە وێستگە هەستیارە سیاسی و سەربازییەکاندا تووڕ دراون و ڕەنگیان باو بووە. لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو بگرە تا گۆڕانکارییەکانی باکووری سووریا و پاشەکشە سیاسی و سەربازییەکانی واشنتن، ڕاستییەک چەندین جار دووبارە بووەوە؛ لە هاوکێشەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەم وڵاتە هەمیشە پێش چارەنووسی هاوپەیمانە خۆجێییەکانی کەوتوون.

بەڵام ئەوەی لەم مانگانەی دوایندا ڕوویدا، پەردەیەکی تری هەر ئەم ڕەفتارە دووڕووەی ئاشکرا کرد.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی مشتومڕاویی خۆیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو چەکانەی بڕیار بوو بدرێنە ناڕەزایانی ئێرانی، گەیشتوونەتە دەست کورد، بەڵام کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هێشتووەتەوە. تۆمەتێکی قورس کە نەک هەر لەلایەن گرووپە کوردییەکانەوە رەتکرایەوە، بەڵکو بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکایش ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە لادانی ئەم بارە چەکانەی بە ناڕاست زانی.

ئەم دژایەتییە، پرسیاری جدیی لەبارەی چۆنیەتیی بڕیاردان، شەفافیەت و بەرپرسیارێتیی دەوڵەتی ئەمریکا دروست کرد. چۆن دەکرێت لە لایەکەوە بۆ هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان بەرنامەرێژی بکەیت و لە لایەکی تریشەوە، بێ پێشکەشکردنی بەڵگەی ڕوون، هەمان هێزەکان بخەیتە بەر پەلاماری تۆمەتگەلێک کە شایستە و متمانەیان دەکاتە ئامانج؟

کورد ئەو خەڵکە نیین کە مێژووی خەباتەکەیان بە چەند ڕستەیەکی سەرۆکێکی ئەمریکی پێناسە بکرێت. پێشمەرگە لە جەنگ دژی داعشدا، باجێکی قورسی بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دا. خوێن، ئاوارەیی و وێرانییەکانی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەزموونیان کرد، بەشێکە لە ڕاستیی مێژوویی خەبات دژی تیرۆر؛ ڕاستییەک کە هیچ دەولت و سیاسەتمەدارێک مافی ئەوەی نییە پشتگوێی بخات.

بەڵام دژبەیەکییە گەورەکەی واشنتن دەبێت لە مەیدانی کردەوەدا بگەڕێین، نەک تەنها لە لێدوانە سیاسییەکاندا.

هێشتا ماوەیەکی زۆر بەسەر بڕیاری ئەمریکا بۆ بردنەدەرەوەی کەلوپەل و سیستەمە بەرگرییەکانی لە هەرێمی کوردستان تێنەپەڕیوە. سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکا لە بنکەی هەولێرەوە بۆ ئوردن گواسترانەوە و لە کۆتاییشدا کشانەوەی هێزەکان و کەلوپەلە ئەمریکییەکان لە بنکەی هەولێریش راگەیەندرا.

ئێستا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئەگەر هەرێمی کوردستان تا ئەم ڕادەیە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە گرنگیی هەیە، بۆچی ئەمریکا بڕیاری دا کەلوپەلە بەرگرییەکانی لە هەولێر دەربکات؟

ئایا ئاسایشی هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتە گرنگە کە بوونی سەربازیی ئەمریکا بۆ واشنتن پێویستی بێت؟ ئایا کاتێک تێچووە سەربازییەکان و ڕەچاوکردنە ستراتیژییەکانی ئەمریکا دێنە ئاراوە، ئاسایشی کورد دەبێتە بابەتێکی پلە دوو و کاتێک هاوکێشە سیاسییەکان دەگۆڕێن، دووبارە باسی پشتیوانیی یەکجاری دەکرێت؟

ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە دەبێت لە ڕاستگۆیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گومان بکەین. واشنتن ناتوانێت لە لایەکەوە کەلوپەلە بەرگرییەکانی بباتەدەرەوە و لە لایەکی تریشەوە بە چەند ڕستەیەکی دیپلۆماسی، چاوەڕوانی متمانەی بێمەرج بێت.

بەڵام ڕەنگە کاتدانی ئەم سووڕانەوەیە لە گوتاری سیاسیی واشنتندا، بە قەد ئەم لێدوانانە خۆیان شایەنی سەرنجدان بێت.

دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا تووشی شکستێکی قورس بوون؛ شکستێک کە بووە هۆی لەدەستدانی زۆرینەی کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و گەڕانەوەی دیموکراتەکان بۆ پێگەی زۆرینە. ئەم دەرئەنجامە تەنها شکستێکی هەڵبژاردنی ئاسایی نەبوو، بەڵکو نیشانەیەک بوو لە نارەزایەتییە بەرفراوانەکانی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەمریکا لە سیاسەتەکان و کارکردی دەوڵەتی ترەمپ.

لە بارودۆخێکی وەهادا، گەڕانەوەی دووبارەی گوتاری پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان لەلایەن واشنتنەوە، ناتوانێت بێبەش لە گۆڕانکارییە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت.

ئایا ترەمپ کە تا دوێنێ بە لێدوانەکانی خۆی کوردەکانی خستبووە بەر تۆمەت و دەوڵەتەکەی بە کردار سیستەمە بەرگرییەکانی لە هەولێر دەردەکرد، ئەمڕۆ بە گۆڕانی بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیی، دووبارە بە گرنگیی هاوپەیمانە کوردییەکان گەیشتووەتەوە؟

ئایا ئەم پشتیوانییە تازەیە، سیاسەتێکی بەردەوام و پشتبەستوو بە ڕێزگرتنی هاوبەشە، یان هەوڵێکە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانەی سیاسی و پاراستنی نفوزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دوای شکستی هەڵبژاردن؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێت نەک لە وتەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەدا، بەڵکو لە ڕەفتار و کرداریی واشنتندا بگەڕێین.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە واشنتن پێویستی بە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز هەیە؛ بەڵام دەبێت ڕوونبێت کە ئایا ئەم هێزە بڕیارە لە خزمەت ئاسایش، گەشەپێدان و بەرەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت، یان لە چوارچێوەی نەخشەکان و هاوکێشە گۆڕاوەکانی کۆشکی سپیدا پێناسە بکرێت؟

هەرێمی کوردستان دەبێت نەبێتە مەیدانی تاقیکردنەوەی سیاسەتە گۆڕاوەکانی واشنتن.

ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەبێت بزانن کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان، کێبڕکێ حیزبییەکان و هەڵکشان لەسەر دەسەڵات، دەکرێت دەرفەتێکی گونجاو بۆ ئەکتەرە دەرەکییەکان دابین بکات تا لە درزە سیاسییەکان بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن.

لە بارودۆخێکی وەهادا، بانگەوازی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، کاتێک بەهای ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە کە بە کردار بە مانای ڕێزگرتن لە ارادەی خەڵک، سەربەخۆیی بڕیاردانی سیاسی، ئاسایشی بەردەوام و گەشەپێدانی ئابووری بێت؛ نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان و پاراستنی نفوزی واشنتن.

بێگومان ئەم قسانە بە مانای پشتگوێخستنی پەیوەندییەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان نییە. هەر ناوچەیەک مافی خۆیەتی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا پەیوەندی هەبێت و لە توانا ئابووری، سیاسی و سەربازییەکانیان کەڵک وەربگرێت؛ بەڵام پەیوەندی لەگەڵ هێزە گەورەکاندا نابێت ببێتە هۆی وابەستەیی استراتیژی و چاوپۆشین لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو.

کورد لە جێگەی بەڵێنە هەڵبژاردنییەکان و لێدوانە کاتییەکانی سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکان، پێویستی بە زەمینەی کرداری، ڕێزی هاوبەش و پەیوەندیی بەردەوام هەیە.

بەڕێز ترەمپ و دەوڵەتی ئەمریکا دەبێت بزانن کە کورد نە ئامرازی بانگەشەی هەڵبژاردنن، نە هێزی یەدەگ بۆ رۆژانی قەیران و نە ئەو لایەنەن کە مرۆڤ دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکە، بەرپرسیارێتی شکستەکان بخاتە سەر ملیان.

پەیامی روونی ئەم رۆژانەی مێژوو بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە: لە جیاتی پشتبەستن بە بەڵێنی ئەوانی تر، پشت بە هێزی دامەزراوەکانی خۆتان، یەکڕیزیی ناوخۆیی، ئیرادەی خەڵک و پەیوەندییە هاوسەنگە ناوچەییەکان ببەستن.

مێژوو بە ئەندازەی پێویست پیشانی داوە کە سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکان لەوانەیە هاوپەیمانەکانی ئەمڕۆیان بکەنە کێشەی سبەینێی خۆیان؛ بەڵام ئەو خەڵکەی لەم خاکەدا دەژین، دەبێت سبەینێی خۆیان بە بڕیار و ئیرادەی خۆیان دروست بکەن.

ئەمریکا ئەگەر بەڕاستی داوای هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر دەکات، باشترە لە جیاتی دووبارەکردنەوەی ڕستە دیپلۆماسییەکان، بە کردار پیشان بدات کە ڕێز لە ئاسایش، کەرامەت و داهاتووی خەڵکی ئەم ناوچەیە دەگرێت.

کورد زیاتر لەوەی پێویستی بە پشتگیریی وتاریی واشنتن هەبێت، پێویستی بە کۆتایی هاتنی یارییە سیاسییەکانە بە چارەنووسیانەوە.