بەپێی زانیارییەکانی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە، لە ساڵی داهاتووەوە باج و ڕسومی نوێ لەسەر ڕێکلامی سۆشیاڵ میدیا، ناودارانی ئەم بوارە، مۆدێلەکان، کۆمپانیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و هەروەها ئەو هاووڵاتییانە دەسەپێنرێت کە لە ماڵەوە چالاکیی بازرگانی ئەنجام دەدەن.هەروەها نۆرینگە و سەنتەرەکانی جوانکاری، نەخۆشخانە تایبەتەکان، هۆڵە وەرزشییەکان، هۆتێل و چێشتخانە و کافتریاکانیش دەخرێنە ژێر سیستەمی باجەوە. لە هەمان کاتدا، ڕەشنووسەکە گۆڕینی سیستەمی تەمویلی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بۆ تەمویلی خۆیی لە ساڵی داهاتووەوە دەخاتەڕوو.لە بوارەکانی دیکەدا، ڕێکاری توندتر بۆ وەرگرتنی پارەی ئاو و کارەبا دیاری کراوە، بە جۆرێک هاووڵاتییان دەبێت پێش ڕاپەڕاندنی کارە فەرمییەکانیان پسووڵەی پارەدانیان پێشکەش بکەن. هەروەها بەپێی ڕەشنووسەکە، ١٠٪ باج لەسەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت زیاد دەکرێت.لە بوارى گەشتکردنیشدا، ڕەشنووسەکە باجی ٢٥ هەزار دیناری لەسەر هەر گەشتیارێک لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ١٠ هەزار دینار لە فڕۆکەخانەکانی دیکە و هەروەها ١٠ هەزار دینار لەسەر گەشتکردن بە ڕێگای وشکانی لە دەروازە سنوورییەکان دیاری دەکات.ئەم خاڵانە لە ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەدا هاتوون و پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان بڕگە پێشنیارکراوەکان و بڕیارە کۆتاییە پەسەندکراوەکان.
ڕەشنووسی بودجەی عێراق باج و ڕسومی نوێ لەسەر چالاکییە بازرگانی و گەشتیارییەکان دەخاتەڕوو
جام کوردی - لە یاسای بودجە، حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار کۆمەڵێک باجی نوێ بەسەر خەڵک دەسەپێنێت.
8 کاتژمێر لەمەوبەر