جام کوردی - فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، ئەوەی بە «فەرمان و گوشارەکانی ئەمریکا بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران» ناوی برد، بە تەواوی ڕەتکردەوە و داوای لە حکومەت کرد کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هاووڵاتییان و سەروەریی نیشتمانی بخاتە پێش هەموو جۆرە گوشارێکی دەرەکی.

فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست «بەغداد ئەلیەوم» کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە هەبوونی داواکاری و فەرمانی ئەمریکا بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران، دەستێوەردانێکی ئاشکرا لە بڕیارە ناوخۆیییەکاندا نیشان دەدات. فراکسیۆنی بەدر جەختیشی کردووەتەوە کە هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی عێراق و ملکەچبوون بۆ گوشارە دەرەکییەکان بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن عێراق ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی گەمارۆدان و فشارخستنەسەر گەلی ئێران، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو پێوەندییانەی لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕزگارکردنی ناوچەکاندا دروست بوون.

لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، فراکسیۆنی بەدر هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی بەردەوامیی داخستنی دەروازە سنورییەکان، بەتایبەتی دەروازەی «ئەلشەیب» لە پارێزگای میسان، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆخە زیانی گەورەی بژێوی و ئابووریی بە هاووڵاتییان گەیاندووە.

لە کۆتاییدا، فراکسیۆنی ناوبراو داوای لە حکومەتی بەغدا کرد پابەندی هەڵوێستی فەرمیی عێراق بێت کە خۆبەدوورگرتنە لە ململانێ هەرێمییەکان و نەچێتە ژێر باری ئەو سیاسەتانەی گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن، هاوکات جەختیشی لەسەر پێویستیی دەستبەجێ کردنەوەی دەروازە داخراوەکان کردەوە.