جام کوردی - کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا زانیاریی لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای دانەغاز، شەوی ڕابردوو کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کراوەتە ئامانج. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەناو کێڵگەکەدا، بەڵام تیمە تایبەتمەندەکان توانیویانە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و ئاگرەکە بکوژێننەوە.
سەبارەت بە زیانە گیانی و مادییەکان، دانەغاز دڵنیایی داوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام وەک ڕێکارێکی سەلامەتی و تەکنیکی، بڕیاردراوە پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا هەڵبپەسێردرێت، تا ئەو کاتەی پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی تەواوەتی بۆ قەبارەی زیانەکان ئەنجام دەدرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمپانیا ئیماراتییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە پەیوەندی و هەماهەنگییەکی نزیکدایە لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەش داوە کە هەردوو لا پشتگیرییەکی بەهێزیان بۆ کۆمپانیاکە و تێپەڕاندنی دۆخەکە نیشان داوە.