جام کوردی - سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات لەگەڵ حزبەکەی کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، هاوکات خواستیشی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان بە بەشداریی لایەنەکانی دیکە نیشاندا.

​ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەوازێکی تایبەت بە پێشهات و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی دیکەوەیە.

​لەسەر ئەو بنەمایەش، بارزانی بانگەوازێکی ئاڕاستەی یەکێتی کردووە و دەڵێت: "داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن."

​لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەیدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگای بەشداریی بە ڕووی هێزەکانی دیکەدا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە خوازیارە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، تاوەکو پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێکبهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی هاونیشتمانیان بدەنەوە. 

​ئەم دەستپێشخەرییەی مەسعود بارزانی لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەهۆی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە چووەتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە. ڕۆژی چواری ئەم مانگە، دوای بانگەوازێکی پارتی، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد. ئەو لایەنانەی بەشداری و پشتگیریی دانیشتنەکەیان کرد، هەنگاوەکەیان بە "یاسایی و دەستووری" ناوبرد بە ئامانجی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

​لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە توندی دژی ئەو هەنگاوە وەستایەوە و دانیشتنەکەی بە "نایاسایی و تاکلایەنە" وەسف کرد، هاوکات ڕایگەیاند کە هیچ بەهایەکی یاسایی بۆ ئەو کاراکردنەوەیە دانانێت.

​پەیوەست بەم دۆخە، ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵوێستی حزبەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند، یەکێتی هەوڵی زۆری داوە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی جیاواز کە خزمەتی تەواوی خەڵکی کوردستان بکات، پەیوەندییەکی تەندروستی لەگەڵ بەغدا هەبێت و ببێتە مایەی ئاشتکردنەوەی وڵاتانی دەوروبەر. ناوبراو ئاشکرای کرد کە بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 15 جار سەردانی شاری هەولێری کردووە و لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆبووەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

​سەرۆکی یەکێتی ڕەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی پەرلەمان گرت و وتی: "هەر قۆناغێک پێیگەیشتووین بە بیانوویەک تێکیانداوە، ئەم شتەی کراوە ئێمەش دەمانتوانی بیکەین. بە من دەڵێن پەرلەمان کۆبووەتەوە، نەخێر ئەمە پەرلەمان نییە، بەڵکو کەمینەیەک لەناو پەرلەمان سەلماندیان نازانن دیموکراسی چییە و حوکمڕانی دەبێت چۆن بێت."