دوای گفتوگۆکانی نوێنەرانی کورد لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیار دراوە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، بە تایبەتی لەبەر سەرمای زستان و پێویستیی خەڵک بە سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە.شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایان لێکردووە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ هەماهەنگی بکەن بۆ دابینکردنی ئەو بڕە نەوتەی پێویستە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئاشکرای کردووە، ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت نەوتەکە لە ماوەی لانیکەم ١٠ ڕۆژی داهاتوودا بنێردرێت. دوای گەیشتنی، دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا دەست پێ دەکات.