جام کوردی - عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، ڕێنمایی دابوو بە پەلەکردن لە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەو پەلامارەی کە کێڵگەی کۆرمۆری لە پارێزگای سلێمانی بەئامانج گرت، هەروەها ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لە زووترین کاتدا.

سەباح ئەلنەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست «جام کوردی» کەوتووە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەلزێدی بەدوادواچوونی بۆ بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکانی پەلامارەکە کردووە و ڕێنمایی داوە بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند و سزادەرانە بەرامبەر هەر کەسێک کە تێوەگلانی لە ڕووداوەکەدا سەلمێنراوە، و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو پەلامارە بەپێی یاسا بکرێت.

ئەلزێدی جەختیشی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی دووبارەنەبوونەوەی ئاوا پەلامارێک، ڕاگرتنی ئاسایشی دامەزراوە حەیاتییەکان و پاراستنی سەلامەتیی کارمەندەکانیان.

ئەم ڕێنماییەی حکومەت دوای ئەوە هات کە ئێوارەی یەکشەممە، ٨ی تشرینی دووەم، هێرشێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی بەئامانج گرت، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە یەکەیەکی کۆگاکردنی گاز و ڕاوەستانی بەرهەمهێنان، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ زەرەر و زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

کۆمپانیای «دانە گاز»، کە کارپێکەری کێڵگەکەیە، کوژاندنەوەی ئاگرەکەی و دەستپێکردنی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ڕاگەیاند؛ لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕاوەستانی ناردنی گاز بووەتە هۆی دابەزینی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم بە بڕی نێوان ٢٥٠٠ تا ٢٨٠٠ مێگاوات.

شایانی باسە کێڵگەی کۆرمۆر، کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین دەکات، پێشتریش چەندین جار ڕووبەڕووی پەلاماری هاوشێوە بووەتەوە کە بوونەتە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنان و ناردنی گاز، لەوانەش هێرشەکەی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دامەزراوەکانی کۆگاکردندا.