جام کوردی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی کۆماری سوریا کۆبووەوە، هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سوریادا تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا و لە پەراوێزی لوتکەی کەشوهەوادا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و جەخت لەسەر پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە کرایەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدانی ناوچەکە بکات.

سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و چارەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکان.

دۆخی کورد لە سوریا تەوەرێکی دیکەی گرنگی دیدارەکە بوو، کە تیایدا نێچیرڤان بارزانی پێداگریی لەسەر پاراستنی مافە رەواکانی گەلی کورد و چەسپاندن و دەستەبەرکردنیان لە دەستووری نوێی سوریادا کردەوە.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە ئەحمەد شەرع لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، هاوکات تاوتوێکردنی چەندین پرسی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش کۆتایی بە دیدارەکە هێنا.