بێئومێدیی یەکێتی لە دانوستان و سەردان بۆ بەغدا

​پێش ئەنجامدانی سەردانەکە، بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونی بەهای دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی کەمکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوەی کراوە تەنها بۆ مەبەستی ڕاگەیاندن و پێدانی شەرعییەت بووە بە هەنگاوەکانی داهاتوویان. ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە یەکێتی تەواو بێئومێد بووە لە سەرگرتنی دانوستانەکان لەگەڵ پارتی، هەر بۆیەش بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای یەکێتی، بۆ مەبەستی جیاکردنەوەی پشکی سلێمانی و هەڵەبجە لە بودجەی گشتی، ڕووی لە بەغدا کردووە.

​لە بەرامبەردا، ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بە توندی ڕەتی کردەوە بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێش ٤ی نۆڤەمبەر و جەختికردەوە کە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆتایی هاتووە، داواشی کرد لەسەر بنەمای پەیامەکەی بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەنگاو بنرێت، کە ئەمەش نیشانەی جددیبوونی پارتییە بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێ.

​هاوکێشەی نێودەوڵەتی و قەیرانی دوو ئیدارەیی

​سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە پاش پەیامەکەی تۆم باراک و دداننەنانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا، داوا کرا کێشەکە لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکرێت. هاوکات، هاتنەناوەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ ناو کێشەکە لە ڕێگەی سکاڵاکەی یەکێتی و نەوەی نوێ دژی دانیشتنەکەی پەرلەمان، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

​لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، تا ئێستا هیچ وڵاتێک بە فەرمی پاڵپشتیی ئەو هەنگاوەی نەکردووە کە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان گرتراوە، ئەمەش کارتی گوشاری پارتی لەم قۆناغەدا لاواز کردووە. لە بەرامبەردا، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەن کە هیچ لایەنێکی دەرەکی پشتیوانیی هەنگاوەکانی یەکێتی بۆ گەڕانەوە بۆ سیستمی دوو ئیدارەیی ناکات. ئەم هاوکێشەیەش وایکردووە هەردوو لایەن لە ڕێگەیەکی داخراودا بن و بێ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتن، هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نەبێت.

​پێشبینییەکانی هەفتەی داهاتوو

​پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛ ئایا لەگەڵ هاتنەپێشەوەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، ناکۆکییەکانی هەردوو لا وەک خۆی بەردەوام دەبێت، یان دواجار هەردوولا بە گوشاری ناوخۆیی و دەرەکی ناچار دەکرێن دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگ بەڕووی یەکتردا بکەنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەوێتە گۆڕانکارییەکانی هەفتەی داهاتوو و کاردانەوەی لایەنە فیدڕاڵییەکان لە بەغدا بەرامبەر بە داواکارییەکانی یەکێتی.