جام کوردی - فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «فرانس ۲۴» ڕایگەیاند کە دۆخی «نە شەڕ و نە ئاشتی» لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا «ناتوانێت بەردەوام بێت». ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە داخستنی هەموو دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران جگە لە دوو دەروازە، کە واشنگتن داوای دەکات، «گونجاو و شیاو نییە». لە کۆتاییشدا پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمەریکا لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت.

بە باوەڕی حوسێن، گرژی و ڕکابەریی نێوان واشنگتن و تاران «یان بەرەو ئاشتی دەکشێت یان بەرەو شەڕ». ناوبراو زیادی کرد کە لەبەر ئەوەی عێراق «تێوەگلاوە» لەو شەڕی کە ئێران لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل تێیدایە، «ئەرکی ئێمەیە نێوەندگیر بکن»؛ هەر بۆیەش هەفتەی ڕابردوو سەرۆکوەزیران عەلی الزیدی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دانوستانکاری باڵای ئێران، محەممەدباقر قالیباف سەرۆکی مەجلیس، سەردانی تارانی کرد.

بەغدا تا ئێستا داواکاریی واشنگتنی جێبەجێ نەکردووە بۆ ئەوەی تەنها دوو دەروازەی سنوری لەگەڵ ئێران بە کراوەیی بهێڵێتەوە و هێشتا «لە گفتوگۆدایە» لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکیدا، وەک حوسێن باسی کرد. ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد کە ئەم ڕوشکارە «جۆرێکە لە سزائاراستەکردن بۆ سەر خەڵکی عێراق».

بە وتەی حوسێن، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەیەکەوە لە نزیک عومان لە گەرووی هورمزەوە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دەستی پێکردووە و لە ٢.٢ ملیۆنەوە بۆ ٣.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە، و ناوبراو ئەم ئامارانەی لە زاری وەزیری نەوتەوە گواستەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، حوسێن ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکردایەتیی گفتوگۆکان دەکات بۆ ئەوەی چەکی ئەو گرووپانە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٧ بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. هەندێکیان پێشوازییان کردووە و هیوادارە هەموویان «پێشنیارەکەی سەرۆکوەزیران» قبوڵ بکەن.