جام کوردی - وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شێلگیرە لەسەر لێکدانەوەی مەلەفەکانی کارەبا، نەوت و بەنزین و ڕەخنە لە «کەمینەیەکی خۆسەپێنەر» لەناو پارتی کوردستان دەگرێت.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ ١٣-١١-٢٠٢٦ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: «دەبێت عەقڵیەتێکی نوێ لەناو پارتی بێتە پێشەوە؛ ئەم کەمینەیە خۆسەپێنەرەی ئێستا کە دەست بۆ دامەزراوە شەرعییەکان دەبات و بە کڕین و فشار و تۆقاندن پەرلەمانتاران ناچار بە دانیشتن دەکات، ئەنجامی نابێت». ناوبراو جەختیش کردەوە: «تا ئەم عەقڵە نەگۆڕێت، هیچ شتێکی تازە ڕوو نادات».
وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەکانی ڕابردوودا شاندەکانی یەکێتی چەندین جار چوونەتە هەولێر، بەڵام کەمینەیەک لەناو پارتی کۆبوونەوەکان تێک دەدات و هەتا دەستی بردۆتە ئەتککردنی پەرلەمانی کوردستان.
وەعدەی چارەسەرکردنی مەلەفەکانی کارەبا، نەوت و بەنزین
وتەبێژی یەکێتی پەیامی سەرۆکی حیزبەکەی لەبارەی مەلەفەکانی وزە و سووتەمەنی دووپات کردەوە و دەربارەی هەرزانکردنیان ڕایگەیاند: «بە دڵنیاییەوە دەست بۆ ئەو فایل و مەلەفانە دەبەین لە کارەبا، نەوت و بەنزین کە پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. دەمانەوێت خزمەتێکی ڕاستەقینە بە هاووڵاتییان بکەین». ناوبراو هەروەها وتی: «یەکێتی باکوڕە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشانە».
سەردانەکانی بەغدا و پەیوەندییە ستراتیژییەکان
کاروان گەزنەیی لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەی «ناگەڕێینەوە بۆ پێش ۴ی نوڤەمبەر»، دەربارەی سەردانی سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ بەغدا وتی: «بەغدا قووڵایی ستراتیژییە بۆ ئێمە و پەیوەندیی بەهێزمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەیە». وتیشی: «هەر کاتێک کاک بافڵ دەڕوات بۆ بەغدا، بە هەواڵێکی خۆشەوە دەگەڕێتەوە».
ڕەوشتی سێ پەرلەمانتارەکەی یەکێتی
دەربارەی ئەو سێ پەرلەمانتارەی یەکێتی کە وازهێنانیان لە حیزبەکە ڕاگەیاند و بەشدارییان لە کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد، وتەبێژی یەکێتی وتی: «ئەوە هەڵدەگرین بۆ کاتی خۆی و یەکێتی لە خیانەت خۆش نابێت».