بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی - هاتنە ناوەوەی زیرەکی دەستکرد بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێکان نەک هەر بووەتە ئامرازێکی یارمەتیدەر، بەڵکوو بووەتە بزوێنەری سەرەکی شەڕەکان: فڕۆکەی بێ سەرنشین، ڕۆبۆتی شەڕ، سیستەمی ئامانجکردنی ئۆتۆماتیکی و هەر زوو تەنانەت سیستەمی بڕیاردان بۆ کوشتن بە بێ دەستێوەردانی مرۆڤ؛ ئەمیش لە هەموویان نیگەرانترین و مەترسیدارترینە.
کێ یان چی شەڕەکان ئاراستە دەکات؟ مرۆڤ یان ئامراز؟
پرسیاری بناغەیی لەم سەردەمەدا سەرهەڵدەدەن: ئایا زیرەکی دەستکرد بووەتە فەرماندەی نوێی سەربازی؟! و لە هەمووی گرنگتر، ئایا گەلان و بەرەی خۆڕاگری ئامراز و توانای پێویستیان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە لە شێوەی شەڕدا؟
ئێستا چووینە ناو سەردەمێکی تەکنەلۆژیاوە کە زانیاری لە فیشەک مەترسیدارتر بووە، چونکە لەم سەردەمەدا شوێنپێی دەموچاوەکان دەگیرێت، هەڵسووکەوتەکانیش شیدەکرێنەوە و پێشبینی جوڵەکان دەکرێت! کە شاشەکان بوونەتە مەیدانی شەڕ کە لە ڕێگەی درۆوە ڕای گشتی لە قاڵب دەدرێت و عەقڵ ئەندازیاری دەکرێت.
ئایا ئێمە ئامادەین ڕووبەڕووی ئەم ئاستە شەڕە ببینەوە؟
ئایا ئێمە هۆشیاری تەکنۆلۆژیا و ئەخلاقمان هەیە بۆ شەڕێک کە هیچ دوژمنێک نابینرێت و نابیسترێت و هیچ فیشەکێک نەتەقێنرێت؟ ئایا جیهان دەتوانێت چوارچێوەی یاسایی بۆ ئەم شەڕە دیجیتاڵیانە دابنێت؟ یان لە سەرابێکدا بە ناوی "ڕێکخراوی یاسای نێودەوڵەتی" بەدوایدا دەگەڕێین؟
لەو چوارچێوەیەدا، ڕەبیع بەعلەبەکی، سەرۆکی کۆمەڵەی پسپۆڕانی تەکنۆلۆژیای زانیاری لە لوبنان، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی ئەلعالەم وتی: " ئەو کەسەی خاوەنی داتای گەورە بێت دەستی دەگات بە زانستەکەی و ئەوەی خاوەنی زانیارییە، زاڵە بە سەر ئابوریدا؛ بەتایبەت لە سەردەمی ئابوریی زانستدا کە بناغەی ئابوریی دیجیتاڵییە، هەر ئەویش چوارچێوەی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم بنیات دەنێت ".
ئاماژەی بەوەشکرد، " هەر پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆژیا بە زۆری لە بواری سەربازییەوە دەست پێدەکات؛ چ لە بواری توێژینەوە یان پەرەپێدان... بودجەیەکی زۆر خەرج دەکرێت و دوای پێگەیشتنی تەکنۆلۆژیاکان دەچنە ژیانی مەدەنی و بازرگانییەوە... ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە هەمان چوارچێوەی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم ".
ئۆدین سلوم، مامۆستای زانکۆی لوبنانی، هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: شۆڕشی تەکنۆلۆژیا کاریگەریی لە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانمان هەبووە، بە سەربازی و شەڕەکانیشەوە... ئەمڕۆ هەرکەسێک زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنێت دەتوانێت فەرماندەیی و ڕێنمایی شەڕەکە بکات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە نەبوونی یاسای جیهانی بۆ ڕێکخستنی ئەم بوارە، هۆشداریی دا: " لە ئێستادا هیچ سیستەمێکی یاسایی تۆکمەی نێودەوڵەتی نییە کە ئەم دۆخە لەخۆبگرێت و کارەکانی زیرەکی دەستکرد کۆنترۆڵ بکات، چ لە ڕووی ئەخلاقی و چ لە ڕووی یاساییەوە ".
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، فەریق حوسێن زەعروور، ڕێکخەری تۆڕی حوکمڕانی دیجیتاڵی و گۆڕان، ئاماژەی بە ئەدای ڕژێمی زایۆنیستی کرد و وتی: ئیسرائیل یەکەیەکی هەواڵگریی هەیە بە ناوی کەتیبەی 8200، کە نزیکەی 8200 پسپۆڕ تێیدا کاردەکەن، ئەوان بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجێکی دیاریکراو و ناوچەیەکی دیاریکراو لە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیای وەک گووگڵ، ئەمازۆن و مێتا دزەیان کردووە و سەرقاڵی کارن و بەم شێوەیە زانیارییان لەم ڕێگایەدا بەدەستهێناوە و سوودیان لەم داتایانە وەرگرتووە.
هەروەها ئاماژەی بە بەرنامەی سیخوڕی " پێگاسۆس " کرد و بە بەشێک لە پێکهاتەی " سیخوڕی " پێشکەوتووی شەڕی ئەلیکترۆنی ئیسرائیل ناوی برد./.