جام کوردی - رۆژنامەی زەمان بڵاوی کردەوە: شاندێكی ئەمریكا سەردانی بەغدا دەكات.
شاندێكی ئەمریكا بەنیازن سەردانی بەغدا بكەن بۆ تاوتوێ كردنی ژمارەیەك پرسی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریكا.
رۆژنامەی زەمان ئاشكرای كرد، چەند راپۆرتێك باسیان لەوە كردووە، سەردانی شاندە ئەمریكییەكە بۆ بەغدا تەواوكەری كۆبوونەوەكانی نێوان عێراق و ئەمریكایە لە كۆنگرەی لوتكەی شەرم شێخ.
ئاماژەشی كرد، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق چاوی بە شاندە ئەمریكییەكە كەوتووە لە لوتكەكە و دیدگای عێراقی بۆ واقیعی ئەمنی ناوچەكە بۆیان خستووەتەڕوو.
دووپاتشیكردووەتەوە، كە گرنگە عێراق و ئەمریكا هاوكاربن لە بواری ئەمنی و تەندروستی و پەروەردە و بوارەكانی دیكەدا.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە زەمان باسی كردووە، عێراق ئارەزووی هاوبەشییەکی راستەقینە دەكات لەگەڵ ئەمریكا، كە لەگەڵ رەوتەكانی حكومەتەكەی یەكبگرێتەوە لە بەدیهێنانی سەقامگیری و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی بیناسازی و وەبەرهێنان.
سەرچاوەكان ئاشكراشیان كرد، عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ببێت بە بەشێك لە تیمی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە لەگەڵ ئێران و یەمەن، بە پشت بەستن بە پەیوەندییە قوڵەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.