​ئەو کچە لاوە لە پەیامەکەیدا کە بە زمانێکی پڕ لە حەماسەت و نیشتمانپەروەرییەوە پێشکەشی دەکات، ڕەخنەی توند لە لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی پێشوو دەگرێت و جەخت لەسەر سەروەری گەل و نیشتمان دەکاتەوە.

ناوبراو لە وەڵامی بانگەشەکان بۆ گەڕانەوەی "شازادە" و دەستێوەردانی دەرەکی، دەڵێت: "شازادە ناگەڕێتەوە، شازادە ئەو میللەتەیە کە لە مەیدانەکەیە.

بۆچی دەبێت کەسێک لە دەرەوە چاوەڕێی ئەوە بێت ئێمە ڕێگای بۆ خۆش بکەین تا بێتە سەر کورسی دەسەڵات؟"

​ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی ئێران هوشیارن و مێژووی خۆیان دەناسن،

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە هاوکێشە جیهانییەکانی داهاتوودا پێگەیەکی ستراتیژی و بەهێزی دەبێت و نایەوێت ببێتە پاشکۆی هیچ وڵاتێک.

ئەم دەرکەوتنەی کچە ئێرانییە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان.

بەشێک لە بەکارهێنەران ئەم هەڵوێستەیان بە نیشانەی هوشیاری نەتەوەیی و پاراستنی سەروەری خاک وەسف کرد.

​لەم بارەیەوە، زانیار کوردی نوسیویەتی: "خەڵکی ئێران چاوکراوە و تێگەیشتوون و ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە نیشتمانپەروەری لە ئاستێکی باڵادایە."

هاوکات قاسم حەسەن لە کۆمێنتێکدا ستایشی هەڵوێستی کچەکەی کردووە و نوسیویەتی: "تۆ شەریفیت و خاکفرۆش نیت، خوا بتانپارێزێت لە دەست دوژمنان."

​هاوڵاتییەکی تر بە ناوی نەبەرد دەباغ ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئێرانییەکان گەلێکی خوێندەوار و هوشیارن و ڕێگە نادەن وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی ئەجێندای دەرەکی."

​ئەم گرتە ڤیدیۆییە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی هۆشیاریی نیشتمانی لە ناوچەکەدا سەری هەڵداوە و گەنجان بە ئاشکرا دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی دەوەستنەوە کە ئاسایشی وڵاتەکەیان بخاتە مەترسییەوە.