جام کوردی - وەها دیارە جەنگەکە بێ ڕێککەوتن کۆتاییدێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە ڕێککەوتن؛

چونکە ئێران ڕادەستکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و خۆبەدەستەوەدان ڕەتدەکاتەوە، لایەنی بەرامبەریش (ئەمریکا و ئیسرائیل) ناتوانن بە هێزی سەربازی جەنگەکە یەکلاییبکەنەوە.

ئەم بارودۆخە هاوشێوەی ئەو شەڕەیە، کە لەگەڵ حوسییەکان لە بابولمەندەب ڕوویدا و بەکشانەوەی ترەمپ و ڕاگرتنی جەنگەکە لە لایەن ئەوەوە بە شێوەیەکی تاکلایەنە کۆتاییهات.

لە دۆخی ئێستادا، کە یارییەکە گەیشتووەتە بنبەست، لەگەڵ ئەو زیانە گەورانەی بەر ئابووریی جیهان و ئەمریکا کەوتوون و نەبوونی توانای بەرگەگرتنی زیاتر؛ هیچ ڕێگەیەک لەبەردەم ترەمپدا نەماوە تەنها هەڵگرتنی گەمارۆ ڕەمزییەکەی سەر گەرووی هورمز و کشانەوەی هێزەدەریاییەکان نەبێت.

لە ڕووی سەربازییەوە، سەرۆکی ئەمریکا هیچ شتێکی نوێی پێ نییە ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە؛ کۆگای مووشەکە گرانبەهاکانی بەرەو تەواوبوون دەچێت (کە بەپێی خەمڵاندنی سەربازی لە میدیاکانی ئەمریکادا نیوەی بەکارهاتووە)، هەروەها دڵنیایی هەیە لە زیادبوونی زیانی گیانی، کە ئەمریکییەکان نایانەوێت و ئەگەری نوقمبوونی کەشتی و فڕۆکەهەڵگرەکانیش هەیە، کە لە کاتی شەڕدا ناتوانن لە کەناراوەکانی ئێران نزیکببنەوە.

ترامپ لەگەڵ هەر هەڵچوونێکدا زیاتر تێوەدەگلێت و زیاتر دەدۆڕێت بەڵام بێباکە؛ وەک نێچیرێک وایە، کە بەهۆی هەڵەسەنگاندنەوە کەوتبێتە ناو تۆڕی جاڵجاڵۆکەوە، هەرچی دەزووەکان زیاتر دەوری دەگرن، تووڕەیی پاڵی پێوە دەنێت بەرەو ناو قووڵایی تۆڕەکە بڕوات لەبری ئەوەی هەوڵی هەڵاتن و ڕزگاربوون بدات.

هەموو بژاردەکانی بەردەم ترەمپ دۆڕاون؛ تەنها کشانەوە و قبوڵکردنی ڕاستییەکان نەبێت، ئەویش ئەوەیە، کە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، تەماحی سەربەخۆیی و پڕچەکبوونی نوێ، و سەرهەڵدانی جەمسەرە جیاوازەکان، کە هەژموونی ئەمریکا ڕەتدەکەنەوە، بەسەر بیرکردنەوەی ئیستیعماری و فراوانخوازیدا زاڵبوون.

زیندووکردنەوەی بیرۆکە توندڕەوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بۆ جیهانی ئەمڕۆ دەستنادات، کە تێیدا گەلان و ئایینەکان تێکەڵبوون و ئەستەمە واقیعێکی نوێ لەسەر

بنەمای ئایینیی بەرتەسک و سنووری سیاسیی بەپێی تەماحی کەسی و بە هێز دروستبکرێت.

لە جیهانی سۆشیاڵمیدیا و زیرەکیی دەستکرددا، گەلان لە یەک نزیکدەبنەوە، لێبووردەیی و لێکتێگەیشتن لە نێوان پەیڕەوانی ئایینەکاندا زیاد دەکات و ئەو دەمارگیرییەی، کە بەسەر هەندێک بازنەی بڕیاردا زاڵە بەرەو نەمان دەچێت. چیتر ناکرێت بە عەقڵییەتی ئیستیعماریی سەدەی ڕابردوو بیر بکرێتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو تەنانەت بە عەقڵییەتی سەدە تاریکەکانیش ناکرێت، کە تێیدا ئایین بۆ

شەرعییەت دانبە جەنگە فراوانخوازییە نادادپەروەرەکانی ڕۆژئاوای مەسیحی بەکاردەهێنرا (بڕوانە لێدوانەکانی پاپا لیۆ دژی ئەم جەنگەی ئێستا و دژی ترەمپ).

ئەوەی لە جیهانی ئەمڕۆدا بە عەقڵییەتی چەتە دەریاییە کۆنەکان بیر دەکاتەوە و جیاوازی ناکات لە نێوان ڕفاندنی کەشتییەک و دزینی، لەگەڵ دزینی دەوڵەتێک و تاڵانکردنی نەوت و سەروەت و سامانەکەی بە نادادپەروەری، بێگومان لەگەڵ گەل و لایەنگرانی خۆی تووشی پێکدادان دەبێت و کەس نابینێتەوە شوێنی بکەوێت.

- وەرگێڕان لە عامر عەبدولمەنعەم- نوسەر و ڕۆژنامەنوس

یادگار عەلی