میدیای ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت، ئەم خۆپیشاندانە لەسەر داوا و بانگهێشتی سەرجەم چین و توێژەکان ڕێکخراوە و ئەمڕۆ کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانی لە بەردەم ناوچەی دوار سنووی ناوەندی قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت.

خۆپیشاندانەکە مامۆستا و قوتابیان هەڵسوڕێنەری سەرەکین، بەڵام سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەش تێیدا بەشدار دەبن، ئەم پێشهاتەش هاوکاتە لەگەڵ ناکۆکی نێوان ئیدارەی خۆسەری و دیمەشق لەسەر داهاتووی خوێندن بە زمانی کوردی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرتی پەروەردە.


ئیدارەی خۆسەر خواستی ئەوەی هەیە کۆی پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی بێت و  تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان ڕەچاوبکرێت و وەک خۆیان دەڵێن لەم داواکارییە پاشەکشە ناکەن، بەڵام دیمەشق تەنیا بە خوێندنی چەند وانەیەک بە کوردی ڕازییە و دەیەوێت کۆی پرۆسەی پەروەردە و کاروبارەکان بە زمانی عەرەبی بێت.

داواکاری فەرمی: خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆیاندا داوا دەکەن زمانی کوردی لە ناو دەستووری سووریادا وەک زمانێکی فەرمی لە سەرانسەری وڵاتدا دانی پێدا بنرێت و  لە دامودەزگاکانی وڵات و بەتایبەتیش لە ناوچە کوردییەکاندا بەکاربهێنرێت.