ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان ئەولەوییەتی کارەکانی حکومەتە. بڕیار درا ئەزموونی "لیژنەی تایبەتمەندی هەولێر" بۆ پارێزگاکانی دیکە بگوازرێتەوە تاوەکو بە دەسەڵاتێکی فراوانەوە ڕووبەڕووی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک ببنەوە کە دەکرێتە سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت.

لە کۆبوونەوەکەدا مەترسییەکانی عەلاگەی پلاستیک و بوتڵی شووشە و پلاستیک لەسەر ژینگە تاوتوێ کران. پێشنیار کرا کە هانی کۆمپانیاکان بدرێت بۆ دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلین و گۆڕینی کیسەی پلاستیک بۆ کیسەی کاغەز و قوماش، هەروەها بەکارهێنانی کارتۆن لە جیاتی پلاستیک بۆ بەرهەمە خۆراکییەکان.

لەمەودوا هیچ چاوپۆشییەک لە تێکدەرانی ژینگە و ئەو کەسانە ناکرێت کە زێدەڕۆیی دەکەنە سەر زەوییە گشتییەکان، ڕێکارەکان لە "ئاگادارکردنەوە"وە دەبنە "کرداری" و سزای توندی یاساییان بەسەردا دەسەپێنرێت.