جام کوردی - وەزیری
دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ڕاوێژەکانی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی لە پەکین،
وتی: لەم دانیشتنەدا بابەتگەلێک لەوانە شەڕ، چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە شەڕ، پرسەکانی
پەیوەست بە بەرنامەی ئاشتیانەی ناڤۆکیی ئێران، سزاکان، گەرووی هورمز و پێویستی ڕێزگرتن
لە مافەکانی ئێران تاوتوێ کران.
سەید عەباس عێراقچی،
وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە، ٦ی ئایار)، گەیشتە پەکین، بۆ
دیدار و ڕاوێژ لەگەڵ هاوتا چینییەکەی وانگ یی، سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ پەکین و دیدارەکەی
لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین، وتی: دۆستانی چینیمان پێیان وایە کە ئێران دوای شەڕ جیاوازە
لە ئێران پێش شەڕ، هەروەها پێگەی نێودەوڵەتی باشتر بووە و توانا و دەسەڵاتی خۆی سەلماندووە،
بۆیە سەردەمێکی نوێی هاوکاری نێوان ئێران و وڵاتانی دیکە لەپێشە.
عێراقچی لە ڕوونکردنەوەی
تەوەری وتووێژەکەی لەگەڵ وانگ یی، زیادی کرد: پێداچوونەوەمان بە هەموو پرسەکانی ئێستا
کرد لەوانە شەڕ، چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە شەڕ، بابەتەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئاشتیانەی
ئەتۆمی ئێران، گەمارۆکان، گەرووی هورمز و پێویستی ڕێزگرتن لە مافەکانی ئێران.
هەفتەی ڕابردوو
وەزیری دەرەوەی ئێران سەفەری بۆ پاکستان، عومان و ڕووسیاش کرد.