جام کوردی - تێد لیۆ ئەندامی کۆنگرێسی دیموکراتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کەمیی تەقەمەنی و گرانیی تێچووی چەکی بەرگری و لاوازی بنکەکان سێ وانەی سەرەکین لە ئەزموونی شەڕ لەگەڵ ئێران.
تێد لیۆ لە لاپەڕەی X ی خۆیدا نووسیویەتی: وانەکان لە شەڕی دژی ئێران دەریانخست کە پێویستمان بە ستراتیژییەکی نوێی بەرگرییە لە دژی چین و ڕووسیا.
ناوبراو پێشتر لە کۆبوونەوەی پێداچوونەوەی بودجەی پنتاگۆن لە ساڵی داهاتوودا ڕایگەیاندبوو کە بە پشتبەستن بەو ئەزموونانەی لە شەڕ لەگەڵ ئێران فێربووین، تا ئەو کاتەی ستراتیژێکی باشتر نەخرێتەڕوو، ناتوانێت پشتگیری لە دابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بکات.
لە ڕوونکردنەوەی دژایەتی خۆیدا وتی: کاتێک ڕووبەڕووی ڕکابەرەکانی وەک ڕووسیا و چین دەبینەوە، ئەمریکا ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتر دەبێتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت ئەمریکا بە ستراتیژی بەرگری خۆیدا بچێتەوە.
لیۆ ڕوونی کردەوە: تا ئێستا سێ وانەمان لە شەڕ لەگەڵ ئێران وەرگرتووە: یەکەم: ئەمریکا لە هەر ململانێیەکی درێژخایەندا ڕووبەڕووی کەمیی تەقەمەنی بەرگری دەبێتەوە. کەمتر لە دوو مانگە لەگەڵ ئێران لە شەڕداین و بە شێوەیەکی بەرچاو تەقەمەنیمان کەم بووەتەوە.
دووەم: تەنانەت بە تەقەمەنیش، بە پێی ڕاپۆرتە گشتییەکان، سوپای ئێران هێرشی کردووەتە سەر زۆرێک لە بنکەکانمان و زیانی بەرچاوی گەیاندووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ململانێیەکی درێژخایەندا لەگەڵ ڕووسیا و چین، بنکە دەرەکییەکانمان لەلایەن سوپایەکی زۆر بەهێزترەوە دەسڕدرێنەوە.
سێیەم: ئەو پارەیەی خەرج دەکرێت بەرگری لێناکرێت. نرخی مووشەکێکی پاتریۆت لە نێوان چوار بۆ ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە. نرخی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ٣٠ بۆ ٥٠ هەزار دۆلارە. وەک ئەوە وایە فێراری لە بەرامبەر فریسبی بەکاربهێنیت. ئێمە ناتوانین پشتگیری لەوە بکەین.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕۆیتەرز ڕاپۆرتی دا کە ئەفسەری ژمێریاری پنتاگۆن، جوڵس هێرس، لە دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە شەڕی ئەمریکا دژی ئێران تا ئێستا ٢٥ ملیار دۆلاری تێچووە.
بەم پێیە ئەمە یەکەمجارە سوپای ئەمریکا تێچووی شەڕەکە ئاشکرا دەکات. بەشێکی زۆری ئەم پارەیە بۆ تەقەمەنی خەرج کراوە، کە بە نزیکەیی هاوتایە لەگەڵ بودجەی ساڵانەی ناسا. شارەزایان دەڵێن، لە ڕاستیدا شەڕەکە بە قازانجی بەرهەمهێنەرانی چەک و بازرگان و دەڵاڵەکانی ئەمریکا سووتەمەنی بووە، لە کاتێکدا ئەمریکییە ئاساییەکان لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هەڵاوسانەوە قورسایی تێچوونەکان لە ئەستۆ دەگرن.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە دانیشتنی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنگرێس، کە لەژێر ناونیشانی “داواکاری بودجەی ساڵی دارایی ٢٠٢٧ی وەزارەتی بەرگری” بەڕێوەچوو، بە توندی ڕەخنەی لە دژایەتیکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران گرت و ئەو یاسادانەرانەی ڕەخنە لە کارەکانی ترەمپ دەگرن بە “گەورەترین دوژمنمان” وەسف کرد و بە تووڕەییەوە وتی: “گەورەترین تەحەدا و گەورەترین دوژمن کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لێدوانی بێباکانە و لاواز و کینییانەی دیموکراتەکانی کۆنگرێس و هەندێک لە کۆمارییەکان”.