جام کوردی - سەرچاوە ئاگادارەکان، لە نێویاندا بەرپرسانی ئەمریکی، بۆ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرایان کردووە، کە ئیسرائیل پێگەیەکی سەربازیی نهێنیی لە بیابانی عێراقدا دروستکردووە بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی دژی ئێران، ئەوەش ڕێک پێش هەڵگیرسانی شەڕەکە و بەئاگاداریی ویلایەتەیەکگرتووەکان بووە؛ ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی لێدوانی فەرمی ناوەندە هەواڵگری و سەربازییەکانی ئێرانە کە جەختیان لە بوونی هێزی زایۆنی لە خاکی عێراق دەکردەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، پێگەکە هێزی تایبەتی ئیسرائیلی تێدا بووە، وەک ناوەندێکی لۆجستیکی بۆ هێزی ئاسمانی بەکارهێنراوە، هەروەها تیمی گەڕان و ڕزگارکردنی تێدا جێگیرکرابوو بۆ ئامادەباشی لە ئەگەری خستنەخوارەوەی فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ناو ئێراندا.
بەڵام بنکەکە لە سەرەتای مانگی ئازاردا خەریکبوو ئاشکرا ببێت، دوای ئەوەی شوانێکی ناوچەکە هەواڵی جوڵەی سەربازیی نائاسایی لە ناوچەکەدا، لەوانەش فڕینی هێلیکۆپتەر، ئەمەش وای لە سوپای عێراق کرد هێز بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە.
بەپێی یەکێک لە سەرچاوەکان، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە بۆ دوورخستنەوەی هێزە عێراقییەکان لە پێگەکە. دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو کاتە ڕایانگەیاندبوو، کە هێرشەکە بووەتەهۆی کوژرانی سەربازێکی عێراقی و برینداربوونی دووانی تر.
دواتر عێراق سکاڵایەکی پێشکەش بە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و تێیدا گوتی هێرشەکە لەلایەن هێزە بیانییەکان و بە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە و خستیە ئەستۆی ویلایەتەیەکگرتووەکان، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی، کە واشنتۆن تێوەنەگلاوە لەو هێرشەدا.
وردەکارییەکانی پێگەکە و ئەو مەترسییانەی ئیسرائیل بۆ دروستکردن و پاراستنی گرتوویەتییە ئەستۆ، لایەنێکی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی دژی ئێران نیشاندەدەن، کە نزیکەی هەزار میل لە خاکەکەی خۆیەوە دوورە.
بەپێی سەرچاوەکان، پێگەکە خاڵێکی نزیکتری بۆ ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئیسرائیل دابینکردووە، ئەمەش ڕێگەی داوە بە جوڵەی خێراتر لە ئەرکە فریاگوزارییە کتوپڕەکاندا، لە کاتێکدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هەزاران هێرشی لە ناو ئێراندا ئەنجامدا لە ماوەی هەڵمەتێکدا، کە پێنج هەفتەی خایاند.
سوپای ئیسرائیل ڕەتیکردەوە لێدوان لەسەر ئەم زانیارییانە بدات، لە کاتێکدا وتەبێژێکی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، کە لێدوانی زیاتر لەسەر ئەو ڕووداوە یان ئەوەی ئایا بەغدا ئاگاداری بوونی ئەو بنکە ئیسرائیلییە بووە یان نا، نادات.
وەرگێڕانی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ یادگار عەلی