جام کوردی - سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین لە ڕووکەشدا دۆستانە بوو، بەڵام لە پشت پەردەوە گرژییەکی توند لە نێوان واشنتۆن و پەکین ڕوویدا. هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان، ئەمریکا چینی بە هێرشی ئەلیکترۆنی و دزینی تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد و هاوکاریکردنی ئێران تۆمەتبار کرد، هەروەها سزای هەندێک کۆمپانیای چینی دا. لە بەرامبەردا چین هۆشداریدا لەوەی کە پرسی تایوان دەتوانێت هەردوو وڵات بخاتە ڕووبەڕووبوونەوە و داوای "سەقامگیری ستراتیژی" و کەمکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکای کرد. سەرەڕای زەردەخەنە و دەستخۆشییە دیپلۆماسییەکان، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە کێبڕکێی سەرەکی هەردوو وڵات لەسەر تایوان، تەکنەلۆژیا، سزاکان و کاریگەریی جیهانی بەردەوامە.
سەفەری دوو ڕۆژەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین لە کاتێکدا کۆتایی هات کە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخستنی گەرووی هورمز گرینگی سەرەکی دانوستانەکانی نێوان هەردوو زلهێز بوو. سەرەڕای ڕاگەیاندنی پێشکەوتن لە پەیوەندییەکان و ڕێککەوتنە بازرگانییەکان، هیچ نیشانەیەک بۆ ڕێککەوتنی کردەیی لەسەر ئێران نییە و پەکین بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر چارەسەری لە ڕێگەی وتووێژ و دوورکەوتنەوە لە فشارەکان.
دیداری شی جینپینگ و دۆناڵد ترەمپ لە هۆڵی گەورەی گەل لە چین و دیدارە یەک لەدوای یەکەکانی سەرکردەکانی دوو زلهێزی جیهانی لەماوەی دوو ڕۆژی سەفەرەکەدا بووەتە جێی سەرنجی سەرەکی هەواڵ و ڕاپۆرت و شیکارییەکانی زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی.
لە کۆتایی گەشتەکەدا ترەمپ ڕایگەیاند کە "لە میانی گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی چین، زنجیرەیەک ڕێککەوتنی گرنگی بازرگانی و پیشەسازی واژۆ کراون و چەندین کێشە چارەسەر کراون". ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین "زۆر گرنگە" و واشنتۆن ئامادە دەبێت بۆ درێژەدان بەو کارلێککردنە و کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ شی جینپینگ لە واشنتۆن.
لەبەرامبەردا شی جینپینگ لە کۆتا ڕۆژی دیدارەکەدا بەڵێنی دا کە چین و ئەمریکا دەتوانن بە پتەوکردنی هاوکارییەکان گەشەسەندنی جیهانی خێراتر بکەن. جەختی لەسەر بوژانەوەی نیشتمانی چین کردەوە و وتی، “ترەمپ هەوڵدەدات گەورەیی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە، سیاسەتی چینیش ئەوەیە کە خەڵک لەسەر ڕێگای گەنجبوونەوەی نەتەوەیی سەرکردایەتی بکات”.
بەڵام لە فەزای گشتیی لێدوانە فەرمییەکاندا، چین خۆی لە ڕۆڵی چالاکتر لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئێران بەدوور گرتووە و تەنیا باسی لە پێویستی ئاگربەستی خێرا و دانوستانەکانی ئاشتی کردووە.
هەڵوێستی چین لەبارەی قەیرانی گەرووی هورمز و پشتیوانی لە دیپلۆماسی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا کە لە کۆتایی سەردانەکەدا بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە “هەرگیز نەدەبوو ئەم شەڕە دەست پێبکات” و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کرد کە کۆتاییهێنان بە خێرای ئەم قەیرانە لە بەرژەوەندی ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و هەموو جیهانە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پەکین ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار بکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەی جیهانی و سەقامگیری زنجیرەکانی دابینکردن. ئەم هەڵوێستە دووبارەبوونەوەی هەمان پەیامی شی جینپینگ بوو لە ڕۆژانی پێشووەوە کە چارەسەری قەیرانی ئێرانی بە دیالۆگ و دانوستان دەزانی نەک بە بەکارهێنانی هێز. هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن میدیای نێودەوڵەتییەوە بڵاوکراونەتەوە، لەنێویاندا کەناڵی جەزیرە، باس لەوە دەکەن کە لە دانوستانەکانی ترەمپ لەگەڵ چینییەکاندا، “هیچ شتێکی فەرمی لەسەر کاغەز نییە کە ئاماژە بەوە بکات کە پەکین بڕیارە ڕێوشوێن لەبارەی ئێرانەوە بگرێتەبەر”.
بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین لەکاتێکدا دەرچووە کە ترەمپ هەوڵی ئەوە دەدا چین کە نفوزی خۆی بەسەر تاران بەکاربهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی لایەنی ئێرانی بۆ سەر مێزی دانوستان و تەنانەت پێشنیاری بەشداریکردنی لە پلانی کردنەوەی گەرووی هورمزداکرد، بەڵام تا ئەو کاتەی پەکینی بەجێهێشت، هیچ دەستکەوتێکی بەرجەستە لەو بارەوە بەدەست نەهاتبوو.
هۆشداری چین بۆ ترەمپ سەبارەت بە تایوان
یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی دیداری ترەمپ و شی جینپینگ پرسی تایوان بوو. پرسێک کە ساڵانێکە بووەتە ناکۆکییەکی گەورەی نێوان ئەمریکا و چین و سەرکردەکانی چینیش چەندین جار هۆشدارییان داوە لەوەی ئەم ناکۆکییە دەتوانێت ببێتە هۆی ململانێی سەربازی. شی جینپینگ هەروەها لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردەوە و وتی: پرسی تایوان گرنگترین بابەتی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکایە و ئەگەر ئەم پرسە بە باشی بەڕێوەنەچێت ئەوە دەبێتە هۆی ناکۆکی و تەواوی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دەخاتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە.
ترەمپ کە بە باشی ئاگاداری هەستیاری تایبەتی گەلی چینە سەبارەت بە تایوان، لە ڕێگای گەڕانەوەدا، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێرێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا بەرگری لە تایوان دەکات لە دژی چین ئەگەر شەڕ ڕووبدات، پشتڕاستی کردەوە کە تاکە کەسە کە وەڵامی ئەم پرسیارە دەزانێت، وتی: ئەمڕۆ هەمان پرسیار لە لایەن سەرۆکی چینەوە لێکرا.
بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی چین
لە کاتێکدا سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین لە ڕووکەشدا تۆنێکی دیپلۆماسی هەبوو، میدیا ئابوورییەکان بە "بەڕێوەبردنی قەیرانی وزە و کۆبوونەوەی جەنگ" وەسفیان کرد. هەندێک پێیان وایە هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆمپانیا چینییەکان کە نەوتی ئێران دەکڕن، دەکرێت یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی سەفەرەکەی ترەمپ بۆ چین بێت. ناوبراو لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا ئەمەی پشتڕاستکردەوە و وتی: بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆمپانیا نەوتییە چینییەکان دەکەمەوە کە نەوتی ئێران دەکڕن و بەم نزیکانە بڕیار دەدەم. ترامپ هەروەها ئیدیعای کرد: "هیچ داواکارییەکم لە سەرۆک کۆماری چین سەبارەت بە ئێران نەکردووە و داوام لە سەرۆکی چین نەکردووە فشار بخاتە سەر ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز".
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەشتی چاوەڕوانی مۆڵەتی تێپەڕین و بازاڕی نەوت و بەرهەمەکانی جیهانی گێژاوە. هەروەها نرخی نەوتی برێنت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چووەتە بازنەی 100-114 دۆلار و هەروەها سووتەمەنی و قیر لە بازاڕەکانی کەنداوی فارس و سەنگافورە ڕوو لە زیادبوون دەکات. هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵچوونە نیگەرانییە لە شکستی دانوستانە سیاسییەکان و ئەگەری سنووردارکردنی درێژخایەن بۆ ڕێگا دەریاییەکان.
لە چینیش بازاڕی وزە گەشەیەکی سنوورداری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بەهۆی گرانبوونی نرخ و بارودۆخی کەشوهەوا، خواست لەسەری بە ناسک ماوەتەوە. شرۆڤەکاران دەڵێن ئەم دۆخە دەریدەخات کە گرژییە چارەسەرنەکراوەکانی کەرتی وزە و بازرگانی لە پشت ڕۆیشتنی ترەمپ لە پەکین ماونەتەوە.
ڕووماڵکردنی کۆبوونەوەی ترەمپ و شی جینپینگ لە میدیاکانی جیهاندا
ڕووماڵی سەردانەکەی ترەمپ لە میدیاکانی جیهاندا لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بەرفراوان بووە. یۆرۆنیوز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: هەردوو سەرکردە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لە هۆڵی گەورەی گەل قسەیان کردووە، سەردانی پەرستگای بەهەشتیان کردووە و ئێوارەخوانێکی فەرمی هاوبەشیان خواردووە. هەروەها ڕۆژی هەینی لە ناوچەی ژۆنگنانهای بە پێ ڕۆیشتن و لەگەڵ نانخواردنی نیوەڕۆ بەشداری کۆبوونەوەیەکی کارکردنیان کرد. بەڵام چین بە ئاشکرا نیشانی نەداوە کە ئامادەیە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە قەیرانی ئێراندا بگێڕێت.
هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری وەزارەتی دەرەوەی چینەوە ڕایانگەیاندووە کە "بەکارهێنانی هێز دەبێتە بنبەست" و تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام لە ڕێگەی دانوستانەوەیە. هەروەها لە شیکارییەکەی ئەلجەزیرەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەڵوێستەکانی وەزارەتی دەرەوەی چین بەرامبەر بە ئەمریکا "ڕەخنەگرانە" و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەم شەڕە لە ڕێگەی دیالۆگەوە کۆتایی پێبهێنرێت نەک بە پەرەپێدانی ململانێکان.
میدیاکان زیادیان کرد: ترامپ هیوادارە پەکین بتوانێت ئێرانییەکان بهێنێتە سەر مێزی دانوستان، بەڵام هێشتا هیچ کارنامەیەکی ڕوون لەم بارەوە نییە.
هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی و ئاماژەی بە دوو بابەتی گرنگی ئێران و تایوان کردووە کە لە سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین وروژێنراون: سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین لە ڕووکەشدا دۆستانە بوو، بەڵام لە پشت پەردەوە گرژییەکی توند لە نێوان واشنتۆن و پەکین ڕوویدا. هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان، ئەمریکا چینی بە هێرشی ئەلیکترۆنی و دزینی تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد و هاوکاریکردنی ئێران تۆمەتبار کرد، هەروەها سزای هەندێک کۆمپانیای چینی دا. لە بەرامبەردا چین هۆشداریدا لەوەی کە پرسی تایوان دەتوانێت هەردوو وڵات بخاتە ڕووبەڕووبوونەوە و داوای "سەقامگیری ستراتیژی" و کەمکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکای کرد. سەرەڕای زەردەخەنە و دەستخۆشییە دیپلۆماسییەکان، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە کێبڕکێی سەرەکی هەردوو وڵات لەسەر تایوان، تەکنەلۆژیا، سزاکان و کاریگەریی جیهانی بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە شیکارییەک کە لەلایەن ئینستیتیوتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی مۆسکۆوە لەلایەن پیۆتر کۆرتنۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم گەشتە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ڕۆڵی زلهێزەکانی ئاسیا لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو پێی وایە هەرچەندە چین کاریگەری بەرفراوانی لەسەر ئابووری جیهانی هەیە، بەڵام ناتوانێت داخوازییە تاکلایەنەکانی واشنتۆن بەسەر تاراندا بسەپێنێت و ڕۆڵی ئەو زیاتر ئاسانکارییە بۆ گفتوگۆکان.
گفتوگۆی کراوە بەبێ ڕێککەوتنی کۆتایی
سەفەری دوو ڕۆژەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین، سەرەڕای ڕوماڵی بەرفراوانی میدیاکان و ئامادەبوونی ڕەمزیی ئەو دوو سەرکردەیە، هیچ دەستکەوتێکی کردەیی بۆ پرسی ئێرانی بەدەست نەهێنا. هەرچەندە ڕێککەوتنی بازرگانی و بەیاننامەی هاوبەش سەبارەت بە سەقامگیری بازاڕی وزە دەرکرا، بەڵام قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز وەک گرێی سەرەکی پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکان مایەوە.
هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەو ڕێککەوتنانەی پشتڕاست نەکردەوە کە ترەمپ لە سەفەرەکەیدا بۆ پەکین ڕایانگەیاندبوو.
پەکین جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ڕێگای وتووێژ بە کراوەیی بمێنێتەوە و ئاگربەست ڕێگەی ئاشتی هەمیشەیی خۆش بکات. هەروەها واشنتۆن ئەم گەشتەی بە دەرفەتێک زانیوە بۆ پاراستنی ڕێڕەوی پەیوەندییەکان. بەبێ پشتڕاستکردنەوە و ڕەتکردنەوەی گرێبەستە بازرگانییەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبری ئەوە جەختی لەسەر گرنگی "کۆدەنگی" هەردوو سەرکردە لە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ کردەوە. ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند کە شی جینپینگ سەرۆکی چین پابەند بووە بە چەندین ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا، لەوانە کڕینی 200 فڕۆکەی بۆینگ و نەوتی ئەمریکا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک سۆیا.
پێدەچێت دوای ئەم دیدارە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین زیاتر هاوتەریب هەنگاو بنێت: لەلایەک کێبڕکێی ئابووری و سیاسی بەردەوامە و لەلایەکی دیکەشەوە جیهان چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت ئایا گفتوگۆی نێوان زلهێزەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکانی کەنداوی فارس و کردنەوەی ڕێڕەوی وزە.