ئەمڕۆ یەکشەممە، سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی رووپێوی هێزی کار لە کوردستان لە قۆناغی کۆتاییدایە.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش، کۆتایی مانگی داهاتوو پڕۆسەی مەیدانی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەستپێدەکات؛ تیایدا هێزی کار و رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت.
وەک سیروان محەمەد باسی لێوەکرد، پڕۆسەکە لەگەڵ دەستەی ئامار و رێکخراوی کاری جیهانی بەڕێوەدەچێت، چونکە دواین رووپێوی هاوشێوە لە ساڵی 2021دا کراوە.
باسی لەوەشکرد، دامەزراوەکانیان پشت بە پێشبینی نابەستن، بەڵکو لە رێگەی رێکاری زانستییەوە رێژەی راستەقینەی بێکاری دیاری دەکەن و بڵاو دەکەنەوە.
بە گوێرەی دوایین رووپێوی کە لە عێراق کراوە، رێژەی بێکاری لە ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 14.97%.