جام کوردی - سەرەڕای کۆدەنگی ڕێژەیی نێوان بزووتنەوە سیاسییەکانی عێراق
بۆ تەواوکردنی کابینەکە، بەڵام پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی
ئاستەنگەکان. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە فشارە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی ئەمریکا
بوونەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم چەسپاندنی سەروەری و سەربەخۆیی بەغدا.
سەرەڕای هیوایەکی زۆر بۆ تەواوکردنی هەیکەلی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەلزەیدی
وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم پرۆسەیە بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕوونی و ئاستەنگی
جددی. هەرچەندە ناکرێت ڕۆڵی هەندێک ناکۆکی ناوخۆیی و داواکارییەکانی بزووتنەوە سیاسییەکان
لە خاوکردنەوەی ئەم پرۆسەیەدا پشتگوێ بخرێت، بەڵام بە سەرنجدان بە جەختکردنەوەی زۆربەی
بزووتنەوە سیاسییەکان لەسەر پێویستی خێراکردنی تەواوکردنی کابینەی حکومەت و ڕێوشوێنە
کاریگەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ناساندنی سەرۆک وەزیراندا، ئەم دۆخە دەتوانرێت
لە دەرەوەی پێشهاتە ناوخۆییەکانی عێراق هەڵسەنگێندرێت؛ بەربەستێک کە پسپۆڕان و بەرپرسانی
عێراقی بە "ڤیتۆی ئەمریکی" ناوی دەبەن.
ئەمەریکا کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە دروشمی هێنانی دیموکراسی و ئازادی و گۆڕینی
وڵات بۆ مۆدێلێک بۆ ناوچەکە پاساوی بە داگیرکردنی عێراقی بەخشی، بە کردەوە نیشانی داوە
کە ئامادە نییە سەربەخۆیی ڕاستەقینەی عێراق قبوڵ بکات و هەمیشە سیاسەتێکی دژەبەیەکی
بەرامبەر بەو وڵاتە پەیڕەو کردووە. لەلایەک هەوڵی پاراستنی هەژموونی سیاسی و ئابووریی
خۆی داوە بە لاوازکردنی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکانی عێراق و لەلایەکی دیکەشەوە
بە بارمتەگرتنی پڕۆسەی پێکهێنانی هەیکەلی سیاسی و دروستکردنی ئاستەنگی ئابووری هەوڵیداوە
درێژە بە داگیرکارییەکانی بدات و ڕێگری لە سەربەخۆیی ئەمنی و بەرگری عێراق بکات.
ئەزمونی تاڵی عێراق لە جەنگی ڕەمەزان و گۆڕینی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ڕێڕەوی
فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکی- زایۆنی و تەنانەت دروستکردنی بنکەیەک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی
نموونەیەکی ڕوونی ئەم دیزاینەیە. لە ناساندنی باڵیۆزەوە بۆ ماوەی ١٨ مانگ تا دەگاتە
ناردنی تۆم باراک و هەژموونی بەسەر سەرچاوە ئابوری و ئاڵوگۆڕە دەرەکییەکانی عێراقدا،
هاوکات لەگەڵ بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هێزە سەربازییەکان لە ژێر
پەردەی ڕێککەوتنی ئەمنی بەغدا و واشنتۆن، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ هەوڵی ئەمریکا بۆ
ڕەوایەتیدان بە دەستێوەردانی بەرفراوان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا.
ئەم پرۆسەیە لە سەردەمی ترەمپدا چووە قۆناغێکی نوێوە. لە لایەک وەزارەتی
گەنجینەی ئەمریکا سزای زۆری بەسەر بەرپرسانی عێراقدا سەپاند، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت
و ئەمنیدا، بە شێوەیەکی کاریگەر بانکی ناوەندی عێراقی بە بارمتە گرت؛ لە لایەکی دیکەوە
فشاری دیپلۆماسی و کاریگەری سیاسی لەسەر حکومەتی عێراق چڕتر بووەوە. بۆ نموونە ئەمریکا
بۆ ماوەی ١٨ مانگ ڕەتیکردەوە باڵیۆزی نوێ لە عێراق کاندید بکات، کارێک کە زۆر کەس بە
جۆرێک لە زەلیلکردن و ئامرازێکی ڕەشبگیری سیاسییان دەزانی. ئەم پڕۆسەیە بە کاندیدکردنی
باراک کە پێشینەی خزمەتکردنی وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە لوبنان و سوریا، پێناوی
قۆناغێکی نوێ بوو.
باراک نیشانی داوە کە باوەڕی بە چوارچێوە ئاساییەکانی دیپلۆماسی و پەیوەندی
دوولایەنە نییە و ڕێبازێک پەیڕەو دەکات کە لەسەر بنەمای سەپاندن و دیکتەکردن دامەزراوە؛
ڕوانگەیەک کە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا بە ژێردەستەی ئیرادەی ئەمریکا دەزانێت و هیچ هەوڵێک
نادات بۆ ئەوەی گوێڕایەڵیان بکات.
زیندووکردنەوەی پڕۆژە شکستخواردووەکانی واشنتۆن لە عێراق
هەرچەندە ئەمریکا هەوڵی چەسپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بە داگیرکردنی
لە ساڵی 2003 و نەهێشتنی دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکان و زاڵکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان،
بەڵام نزیکبوونەوەی بزووتنەوە سەربەخۆکانی عێراق بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ڕاستەقینە،
بەتایبەتی دوای فەتوای مێژوویی مەرجەعی ئایینی و پێکهێنانی گروپی بەرخۆدان لە دژی تیرۆر
و داگیرکەران، ئەم پڕۆژەیەی بە تەحەدای جددی خستەڕوو.
بە پشتبەستن بە توانا ناوخۆییەکان، بەتایبەتی ئاسایشی ڕەسەن لەسەر بنەمای
بەرخۆدان و هەروەها فراوانکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئێران و بەرەی خۆڕاگری،
بەتایبەتی بە هەوڵەکانی شەهید قاسم سولەیمانی، عێراق توانی ببێتە نموونەی سەربەخۆیی
بۆ وڵاتانی عەرەبی، بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا، کە هەوڵی دەدا مۆدێلێکی وابەستەی
عێراق بخاتەڕوو. پاڵپشتی لە بەرخۆدان و فەلەستین و هەروەها لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ ئێران،
توانا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بەغدای زیاد کردووە و پێگەی بەغدای بەرزکردووەتەوە.
ئەمڕۆ ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لە زنجیرەیەک هەڕەشە و گوشار و وەسوەسە
و تێکدانی سیاسی و ئەمنی، هەوڵی گەیشتن بەو ئامانجانە دەدات کە لەم ساڵانەی دواییدا
شکستیان هێناوە. ستراتیجی سەرەکی واشنتۆن لەم ئاڕاستەیەدا چەکداماڵین و نەهێشتنی بەرخۆدان
و لاوازکردنی توانای بەرگری عێراق و ناسەقامگیرکردنی دۆخی سیاسی و ئابووری بە پەکخستنی
پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە.
ستراتیژییەکی جەنگی فرەلایە؛ لە بۆشایی ئەمنییەوە بۆ قەیرانی کۆمەڵایەتی
تۆماری ئەمریکا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لە ئەمریکای لاتینەوە تا ڕۆژئاوای
ئاسیا، ئەوە نیشان دەدات کە ئەم وڵاتە هەمیشە لە ژێر پەردەی دروشمی وەک هاوکاری، گەشەپێدان
و ئاوەدانکردنەوە، شەڕێکی فرە چینەیی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ شەڕێک کە بە دروستکردنی
بۆشاییە ئەمنییەکان دەستی پێکرد و بەردەوام بوو لە بەرهەمهێنانی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی
و ئاژاوە و ناسەقامگیری.
ئەم نەخشەیە لە عێراقیشدا بە ڕوونی دیارە. ئەو وەزارەتانەی کە بەبێ وەزیر
دەمێننەوە و لەژێر فشاردان یان تێوەگلاون لە ناکۆکییەک کە لە ئەنجامی دەستێوەردانەکانی
دەرەکییەوە دروست دەبێت، ڕێک ئەو دامەزراوانەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئاسایش و
ئابووری و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە هەیە.
ئەم وەزارەتانە بریتین لە بەرگری، دەوڵەت، پلاندانان، خوێندنی باڵا، کار
و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕۆشنبیری، و کۆچبەری و پەنابەران؛
ئەو دامەزراوانەی کە جگە لە قورسایی سیاسی بەرزیان، بەردەوامی نادڵنیایی لەواندا دەتوانێت
دەرئەنجامە ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بەرفراوانەکانی هەبێت.
وەها دۆخێک وا دەکات عێراق ئامادە بێت بۆ دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی
وەک گەڕانەوەی تیرۆری سەپێنراو لە سوریا، بیانووی نوێی ئەمریکا بۆ درێژەدان بە ئامادەبوونی
سەربازی و نەکێشانەوەی هێزەکان لە مانگی ئەیلولدا، توندکردنەوەی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان
و زیادبوونی داواکارییە ئابووری و کولتوورییەکان؛ ڕەوتێک کە لە کۆتاییدا دەتوانێت ڕێگە
خۆش بکات بۆ فراوانبوونی هەژموونی ئەمریکا بەسەر عێراقدا.
خاڵێکی گرنگ لە داخوازییەکانی ئەمریکادا هەوڵدان بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی
عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران، چونکە ئەم پەیوەندیانە تا ئێستا یەکێک
بووە لە هۆکارە گرنگەکانی بەهێزکردنی سەربەخۆیی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی فیتنە و دیزاینەکانی
ئەمریکا.
واشنتۆن بە دروستکردنی دووبەرەکیی درۆینە و ناکۆکی ناوخۆییەکان، هەوڵدەدات
لایەنگرانی سەربەخۆیی و سەقامگیری عێراق لە گۆڕەپانی سیاسی دووربخاتەوە بە ناونانی
وابەستە بە بەرخۆدان و ئێران، بۆ ئەوەی حکومەتێکی لاواز و وابەستە دروست بکات و بەم
شێوەیەش هەمان چارەنووس بۆ عێراق دروست بکات کە لە هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا بەدوای خۆیدا
هێناوە، لەوانەش لوبنان؛ کە هەندێک ڕەوتی دوژمنی ڕاستەقینە پشتگوێ دەخەن و دۆستەکانیان
بە دوژمن دەزانن و لە بەرامبەردا داگیرکاری و تاوانەکانی ئەمریکا پشتگوێ دەخەن.
شەڕی ڕەمەزان؛ هۆشدارییەکی مێژوویی بۆ داهاتووی عێراق
سیناریۆی دروستکردنی قەیرانی ئەمریکا بە دەستوەردان لە پرۆسەی تەواوکردنی
حکومەتی عێراق لە دۆخێکدا بەدوادا دەچێت کە ئەزمونی شەڕی ڕەمەزان و کردەوەکانی ئەمریکا
لە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی عێراق و هەروەها دابینکردنی سەکۆیەک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی
بۆ دامەزراندنی بنکە لەو وڵاتە، وانەیەکی گرنگیان خستۆتە بەردەم ڕێبەرانی عێراق.
ئەم ئەزمونە ئەوە دەردەخات کە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە دیزاینانە
دەبێت پشت بە یەکڕیزی ناوخۆ و یەکگرتوویی نیشتمانی و بەهێزکردنی بەرخۆدان و سود وەرگرتن
لە ئەزموونی وڵاتانی سەربەخۆی ناوچەکە و بەتایبەت ئێران ببەستێت کە هەمیشە پاڵپشتی
ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەی کردووە.
ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم یەکێک لە هەستیارترین تاقیکردنەوەکانی سەربەخۆیی خۆیدایە؛ تاقیکردنەوەیەک کە لە لایەک پێویستی بە پاراستنی پێکهاتە ئەمنییە ناوخۆییەکان هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانی دەرەکی پێویست دەکات. لەم ڕێبازەدا، ئازایەتی دەوڵەتمەداران، لێکنزیکبوونەوەی ڕەوتە سیاسییەکان و خێراکردنی تەواوبوونی قەوارەی دەوڵەت لە گرنگترین پێکهاتەکانی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە ستراتیژییەن.