بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆستەمزاد، لە پێنجەمین کۆبوونەوەی گرووپی کاری پەرەپێدانی هەناردەکردنی نانەوتی و شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕێکخستنی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان، پەرەپێدانی سنووری و بازرگانی دەرەکیی بە گرنگترین توانا ئابوورییەکانی ئەو پارێزگایە زانی و ڕایگەیاند: کرماشان بە ٦ سنووری فەرمی و پێگەی تایبەتی جیۆپۆلەتیکییەوە، دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەپێدان بگێڕێت لە هەناردەکردنی نانەوتی و دیپلۆماسی ئابووری وڵاتدا.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان پارێزگاکانی ڕۆژئاوای وڵات، زیادی کرد: دەبێ بە تەوەری کرماشان و بەبێ ڕوانگەیەکی کێبڕکێکارانە، توانای پارێزگاکانی ئیلام و کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان، تۆڕی هەناردەکاران و پەرەپێدانی هاوکارییە بازرگانییەکان کەڵک وەربگیرێت.

بریکاری پارێزگاری کرماشان هەروەها پێشنیاری پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و ناوەندە هاوبەشەکانی لۆجستیک و سندوقەکانی دارایی هەناردەکردنی کردەوە و وتی: ئەم ڕێوشوێنانە دەتوانن ژێرخانی بازرگانی دەرەکی بەهێزتر بکەن و پاڵپشتی هەناردەکاران بکەن.

ڕۆستەمزاد تەرخانکردنی دراوی بیانی بە یەکێک لە کێشە گرنگەکانی چالاکوانانی ئابوری زانی و وتی: دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر کێشەکان، پرسی بەربەستی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بۆ هەناردەکاران بە جددی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لەڕێگەی وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی، بانکی ناوەندی و وەزارەتی پیشەسازی و کانگا و بازرگانییەوە.

ناوبراو هەروەها جەختی لە پێویستی ڕوونکردنەوەی پەیامی هۆشداریی سیستەمەکانی چاودێری و ڕەچاوکردنی پرەنسیپی بێتاوانی کردەوە و زیادی کرد: پێویستە پاڵپشتی هەناردەکاران و چالاکانی ئابووری بکرێن وەک کەسانێک کە کار لەسەر ڕێبازی پەرەپێدانی بازرگانی و ئابووری وڵات دەکەن تا ئەو کاتەی کەوا پێشێلکارییەک نەسەلمێنراوە.

بریکاری ڕێکخەری کاروباری ئابووری پارێزگای کرماشان بە ئاماژە بە گرنگیی بازرگانی لەگەڵ عێراق، بە پێویستی زانی کەناڵی بانکی سەقامگیر و متمانەپێکراو دروست بکرێت و وتی: پەرەپێدانی پەیوەندییە بانکییەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بگێڕێت.

هاوکات یەکخستنی سیستەمی گومرگی، ستاندارد، کەرەنتینە و گواستنەوەی بە چارەسەر زانی بۆ کەمکردنەوەی دواکەوتنی کاڵاکان لەسەر سنوور و دەشڵێت: بە هەماهەنگی جێگیرکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر سنوور، دەتوانرێت کاتی ئیزندان و جووڵەی کاڵاکان کەم بکرێتەوە.

ڕۆستەمزاد بە ئاماژەدان بە کێشەکانی هاتووچۆی کەرەستەی گواستنەوە لە سنوورەکانی پەرویزخان، خوسرەوی، شێخ سڵە و سومار، ڕایگەیاند کە، لە هەفتەی داهاتوودا کاتێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لە کێشە سنوورییەکان تەرخان دەکرێت و دەڵێت: بە شێوەیەکی گشتی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسانەی پەیوەستن بە گومرگ و تێرمیناڵ و هاتووچۆ و دانانی کەلوپەل و ڕۆشتنی کەرەستەکان دەکرێت.

ناوبراو هەروەها جەختی لە هەماهەنگی کاتی دەوامی سنوورەکانی کرماشان لەگەڵ لایەنی عێراقی و بەهێزکردنی کۆگا و ژێرخانی بارکردن و دابەزاندن و لۆجستی و دانانی تیرپارک بارهەڵگر لەسەر سنوورەکانی پارێزگاکە کردەوە.

بریکاری پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پارێزگایە دەتوانێت ببێتە دەروازەی هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق و ڕێڕەوی بازرگانی وڵات لەگەڵ بازاڕەکانی ناوچەیی و دەریای ناوەڕاست، وتی: پێویستە توانای سنوورە وشکانی و هێڵی ئاسنی زیاتر بۆ پەرەپێدانی هەناردە و هاوردەکردن کەڵکی لێ وەربگیرێت.

هەروەها ڕۆستەمزاد جەختی لە دروستکردنی داشبۆردێکی زیرەک بۆ چاودێریکردنی هەناردەکردنی پارێزگاکە و پەرەپێدانی داتابەیسی هەناردەکاران کردەوە و وتی: ناسینەوەی وردی بازاڕە ئامانجەکان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری نوێ، بڕیاردان لە بواری بازرگانی دەرەکیدا زیاتر ئامانجدار دەکات.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ئامانج لەم ڕێوشوێنانە کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەکتەرە ئابوورییەکان و زیادکردنی هەماهەنگیی دەزگا سنوورییەکان و زۆرترین کەڵک وەرگرتن لە توانا سنوورییەکانی کرماشانە بۆ پەرەپێدانی هەناردەکردن و هاوردەکردن و خۆشگوزەرانی ئابووریی پارێزگاکە.