بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەسکەندەر مۆمەنی، وەزیری ناوخۆی ئێران، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کارکردی ئەو پارێزگایە لە سەردەمی ئەربەعین و دوایین دۆخی سنوورەکانی خوسرەوی و سۆمار پێشکەش کرد.
حەبیبی بە ئاماژە بە زیادبوونی پێشوازیی زیارەتکارانن لە سنووری خوسرەویدا وتی: ئەم سنوورە تاکە سنوور بوو لە وڵاتدا کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادبوونی هاتوچۆی زیارەتکارانی بەخۆیەوە بینی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: جێبەجێکردنی پلانی هاتووچۆی پاسەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەکارهێنانی هاوکاتی تواناکانی گواستنەوەی ڕێگاوبان و شەمەندەفەر و گەشتی ئاسمانی لەنێو ئەو ڕێوشوێنانەدا بوون کە گیراونەتەبەر بۆ ئاسانکاری بۆ گەشتکردنی زیارەتکاران لەماوەی ئەربەعین لەمساڵدا.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کاراکردنی سنووری سۆمار وەک دووهەمین سنووری ئەربەعینی پارێزگاکە؛ توانایەک کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابەشکردنی هاتوچۆی زیارەتکاران و پەرەپێدانی ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی کرماشان لەگەڵ عێراق.
بازرگانی سنووری؛ داواکاری کرماشان لە حکومەت
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری کرماشان بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بازرگانی سنوورییەکان کرد و وتی: لە ئێستادا چوار پارێزگا و نزیکەی ٧٣ هەزار دانیشتووی سنووری ئەو پارێزگایە لە سوودەکانی ئەم یاسایە سوودمەندن، هەروەها لکاندنی قەسرشیرین و سەرپول زەهابەوەوە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئابووریی حکوومەتەوە تاوتوێ دەکرێت.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: فراوانکردنی بازنەی ئەو کەسانەی کە یاسای بازرگانی سنوورەکان دەیگرێتەوە، دەتوانێ جگە لە بەهێزکردنی گوزەرانی دانیشتوانی سنوورەکان، هاوکات یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکانی کرماشان لەگەڵ عێراقدا.
پێویستی خێراکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی
یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی پارێزگار، خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشان-خسرەوی-بەغدا بوو.
حەبیبی بە ئاماژەدان بە لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، جەختی لە گرنگییەکەی لە پەرەپێدانی بازرگانی و گواستنەوەی کەلوپەل و گواستنەوەی زیارەتکاران کردەوە و داوای بەدواداچوونی جددیتری پڕۆژەکە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا بەرپرسەکانەوە کردەوە.
وتیشی: پەیوەندیی هێڵی ئاسنینی کرماشان بە سنووری خوسرەوی و پاشان بەغدا، ئەگەر بەدیهات، دەتوانێت پێگەی پارێزگاکە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و ڕێگاکانی زیارەت بەهێزتر بکات.
پارێزگاری کرماشان هەروەها پرسی بەرزکردنەوەی فیروزابادی بۆ شارێک و دابینکردنی پاڵپشتی قەرز بۆ پڕۆژەی هێڵی ئاسنی شارەکانی کرماشان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ وروژاند و "مۆئمنی" فەرمانی بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسانە دەرکرد.
هەر لەم دیدارەدا وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەمەڕ کارکردی کرماشان لە میوانداریکردنی ڕێوڕەسمی ئەربەعیندا، خێرایی ئاوەدانکردنەوەی یەکەکانی زیانلێکەوتوو بەهۆی شەڕ و بەڕێوەبردنی پارێزگاکە لە هەلومەرجێکی ناجێگیردا.