بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، لە ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی جیهانی ستانداردەکان و شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی ستانداردی پارێزگاکە، جەختی لە ڕۆڵی کوالیتی لە پەرەپێدانی بازرگانی دەرەکیدا کردەوە و وتی: ستانداردەکان تەنیا مەرجێکی تەکنیکی نین، بەڵکو فاکتەری دیاریکەرن بۆ متمانەی بەکاربەران، باوەڕپێکراویی بەرهەم و بوونی بەردەوامی بەرهەمەکان لە بازاڕەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێگەی سنوورەکانی کرماشان لە بواری بازرگانی لەگەڵ عێراقدا، ڕایگەیاند: نزیکەی لەسەدا 41ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگەی بازاڕ و سنوورەکانی پارێزگاکەوە ئەنجام دەدرێت؛ توانایەک کە بەرپرسیارێتی دەزگاکانی چاودێری زیاد دەکات بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی کاڵا هەناردەکراوەکان و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی خێراکردنی خزمەتگوزارییە ستانداردەکان لەسەر سنوورەکان، حەبیبی داوای تەیارکردنی تاقیگە سنوورییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی کرد، هەروەها بە تایبەتی جەختی لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی تاقیگەی قەسر شیرین کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی کاڵا و دەرکردنی مۆڵەتی پێویست خێراتر ئەنجام بدرێت.

پارێزگاری کرماشان هەروەها ئاماژەی بە هەندێک ڕەخنە و ناڕوونیی هەناردەکاران لە مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی کرد و هاوکاری نزیکی بەڕێوبەرایەتی گشتیی ستانداردەکان، زانکۆکان و چالاکانی ئابووریی بە چارەسەرێک بۆ لابردنی بەربەستە بازرگانییەکان و گەڕانەوە بۆ ئەو بازاڕانەی کە بەهۆی کێشەی کوالیتی لەدەستچوون، زانی.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرهەمی ساڵانەی نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵ و توانای کۆمپانیاکانی زانستی ئەو پارێزگایەی وەک دەرفەتی ئابووری لە کرماشان خستەڕوو و جەختی لەسەر پێویستی گرێدانی بەرهەمهێنان بە پێوەرە باوەڕپێکراوەکان، کردەوە.

حەبیبی هەروەها مارکەکردنی بەرهەمەکانی وەک زەیتی کرماشان، نۆک، شیرینی و یادگارییەکانی ئەو پارێزگایەی پێویست بە پشتبەستن بە کوالیتی پێوانەکراو زانی و وتی: بەرهەمەکانی کرماشان دەبێت متمانە و ستانداردی پێویستیان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی گونجاو لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا.