​بۆ تاوتوێکردنی ڕاستوڕەوانی ئەم پێشبینییانە، پەیامنێری (جام کوردی) گفتوگۆیەکی لەگەڵ بیلال خەیات، چاودێری سیاسی و ستراتیژی ئەنجامدا. ناوبراو بە ئاڕاستەی پێچەوانەی زۆربەی چاودێران، تەحەدای ئەو تیۆرییە باوە دەکات و لە ڕێگەی سێ بەڵگەی ستراتیژییەوە دەسەلمێنێت کە بۆچی کۆتایهاتنی مۆندیال نابێتە سەرەتای چوونە ناو دۆزەخی جەنگ.

​یەکەم: هاوسەنگیی تۆقاندنی ئەتۆمی و موشەکی

​بیلال خەیات لە سەرەتای شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد:

​"ئێران لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغی (لێواری ئەتۆمی)، واتە توانای تەکنیکیی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە بەبێ ئەوەی ڕایبگەیەنێت."

​ئەو چاودێرە ستراتیژییە پێیوایە عەقڵیەتی سەربازی لە پنتاگۆن باش دەزانێت کە هێرشکردنە سەر دەوڵەتێک بەم پێگە و تۆڕە فراوانەی موشەکی بالیستی و درۆنەوە، باجەکەی تەنیا شەڕێکی ناوچەیی نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی وێرانبوونی تەواوی ژێرخانی سەربازی و ئابوری ئەمریکا لە ناوچەکەدا. خەیات جەختی کردەوە کە ستراتیژی نیشتمانیی ئەمریکا هەمیشە لەسەر بنەمای (شەڕی گەرەنتی کراو) داڕێژراوە، و کاتێک گەرەنتی بۆ سەرکەوتنی بێباج نەبێت، بڕیاری جەنگ لە واشنتۆن واژۆ ناکرێت.

​دووەم: هاوکێشەی نوێی جیۆپۆلەتیکی چین و ڕووسیا

​سەبارەت بە پێگەی نێودەوڵەتی تاران، خەیات بۆ (جام کوردی) ڕوونیکردەوە کە ئێران چیتر لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیر نییە. واژۆکردنی ڕێککەوتنامە ستراتیژییە درێژخایەنەکان لەگەڵ پەکین و مۆسکۆ، هێڵێکی سووری ناڕاستەوخۆی بە دەوری ئێراندا کێشاوە.

​بە گوتەی ئەو چاودێرە، چین بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزەی خۆی، و ڕووسیا بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز دژی ڕۆژاوا، ڕێگە بە ڕووخانی سەربازیی ئێران نادەن. هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییە گەورەکانی چین و ڕووسیا دێت، ئەمەش واشنتۆن ناچار دەکات لە جیاتی بژاردەی سەربازی، هەمیشە پەنا بۆ دیپلۆماسیی سزاکان ببات.

​سێیەم: جیۆپۆلەتیکی گەرووی هورمز و دەروازە ئاوییەکان

​لە درێژەی گفتوگۆکەدا، بیلال خەیات دەستی خستە سەر شادەماری ئابوریی جیهان و ڕایگەیاند: کێشەکە تەنیا نەوت نییە، بەڵکو تێکچوونی تەواوی سیستەمی دابینکردنی کاڵا و بیمەی دەریاییە لە جیهاندا. ئێران خاوەنی قوفڵی ئەم گەرووەیە و پێویستی بە هێزی کلاسیکی گەورە نییە بۆ داخستنی، بەڵکو تەنیا بە چەند مینێکی دەریایی و درۆنی کورت مەودا دەتوانێت بازرگانیی جیهانی ئیفلیج کات.

​ناوبراو هۆشداری دا کە داڕوخانی ئابوریی جیهانی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان کە لە ئەنجامی ئەم جەنگە دەکەوێتەوە، مەترسییەکی گەورەترە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە خودی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران.

​دەرەنجام: نە جەنگ و نە ئاشتی

​بیلال خەیات لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ (جام کوردی) گەشبینی خۆی نیشاندا بەوەی کە پاشەکشە لە بژاردەی سەربازی دەکرێت و گوتی:

​"کاتێک جامی جیهانی کۆتایی دێت، زلهێزەکان دەگەڕێنەوە سەر مێزی واقیعیەت نەک گۆڕەپانی جەنگ. شەڕی ڕاستەوخۆ ڕونادات چونکە تێچووی سەرکەوتن تێیدا یەکسانە بە شکست بۆ هەردوولا."

​ئەو چاودێرە پێشبینی دەکات ئەوەی لە دوای جامی جیهانی دەبینرێت، تەنیا توندبوونەوەی ململانێی هەواڵگری، سێبەر، و شەڕی سارد بێت، چونکە عەقڵیەتی سیاسی لە واشنتۆن و تاران باش دەزانێت کە پاراستنی دۆخی (نە جەنگ و نە ئاشتی) باشترین بژاردەیە بۆ مانەوەی هەردوولا لەناو هاوکێشەکەدا.