جام کوردی ـــ پارێزگاری کرماشان بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی بازرگانی سنووری لە هەلومەرجی ئابووریی ئێستادا، خوازیاری ئامادەکاریە بۆ کردنەوەی بازاڕی سنووری تیلەکۆ تا سەرەتای مانگی پووشپەڕ و وتی: گەشەی هاوردە و هەناردەکردن لە سنوورەکانەوە یەکێکە لە چارەسەرە کاریگەرەکان بۆ بەهێزکردنی ئابووری و فراوانکردنی بازرگانی دەرەکی.
مەنوچێهر حەبیبی بە ئاماژەدان بە توانا سنوورییەکانی کرماشان لە بواری بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ڕایگەیاند: "بازاڕی تیلەکۆ دەتوانێت ببێتە یەکێک لە دەروازە بازرگانییە گرنگەکانی پارێزگاکە و بە لەبەرچاوگرتنی شوێنی گونجاوی، لەلایەن چالاکانی ئابوورییەوە پێشوازی لێدەکرێت".
ناوبراو داواشی لە لایەنە جێبەجێکارەکان کرد کە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ژێرخان و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکەن بۆ دەستپێکردنی چالاکییەکانی بازاڕ.
پارێزگاری کرماشان هەروەها جەختی لە کەڵک وەرگرتن لە داهاتەکانی پلانی بازرگانی سنووری بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی سنوری کردەوە و خوازیاری چاودێریی توند لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بازرگانی سنووری بوو.
حەبیبی هاوکات هۆشداریدا لە کڕین و فرۆشتنی ئیمتیازەکانی کۆڵبەری و وتی: ئەم پلانە پێویستە بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی دانیشتوانی سنوورەکان جێبەجێ بکرێت و ڕێگری بکرێت لە هەر جۆرە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی.
پارێزگاری کرماشان وەبیری هێنایەوە؛ لە ئێستادا نزیکەی لەسەدا ٤٠ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگەی سنوورەکانی کرماشانەوە ئەنجام دەدرێت و ئەم پارێزگایە توانای زیادکردنی پشکی خۆی لە بازرگانی لەگەڵ عێراقدا هەیە.
تیلەکۆ لە سەروبەندی کردنەوەدایە؛ سنووری بازرگانی نوێ لەگەڵ عێراق چالاک دەکرێت
2 کاتژمێر لەمەوبەر