جام کوردی ـــ نوێنەری کرماشان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی هەواڵی لە بەدواداچوون بۆ دابینکردنی ئەگەری هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین بۆ پارێزگاکانی دراوسێی ڕاگەیاند و وتی: ئەگەر ئەم پرسە بەدی بهێنرێت، سوودی ئابووری و بازرگانی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین زیاتر دەبێت.

موحەممەد ڕەشیدی به ئاماژه بە دەستپێکردنی فەڕمی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل له ڕێگەی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین، وتی: یەکێک له داخوازیه گرنگەکانی خەڵکی پارێزگای کرماشان له ناوچەی ئازاد، بەدی هات و پڕۆسەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەم ناوچەیە چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کەوا لە ناوچەی ئازادی قەسری شیرینەوە هاوردە دەکرێن ئێستا ڕێگەیان پێدراوە بە سەرتاسەری پارێزگای کرماشاندا هاتوچۆ بکەن و دەشڵێت: تەواوکردنی ژێرخانی پێویست لە بواری ژمارەدان و تابلۆی ئۆتۆمبێلدا، ڕێگەی خۆشکردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە و خەڵکی ئەو پارێزگایە دەتوانن سوودمەند بن لە قازانجەکانی.

ئەندامی سەڕۆکایەتیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی له درێژەدا وتی: له ئێستادا ڕاوێژ لەگەڵ دەزگا بەرپرسەکان بەردەوامه بۆ ڕێگەپێدان به هاتوچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانه له پارێزگاکانی دراوسێ؛ پرسێک کە بتوانێت سەرنجڕاکێشیی ئابووری ناوچەی ئازادی قەسرشیرین زیادتر بکات و بنەمایەک بۆ پێشوازیکردنی زیاتری چالاکوانان و وەبەرهێنەرانی ئابووری دابین بکات.

ڕەشیدی دەستپێکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی ئازادی قەسرشیرینی بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم ناوچەیە زانی و وتی: جگە لە دروستکردنی کێبڕکێ لە بازاڕی ئۆتۆمبێلدا، ئەم ڕێکارە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی پێگەی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین لە ڕۆژئاوای وڵاتدا.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: پەرەپێدانی دەسەڵات و قازانجەکانی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین لەو پرسانەیە کە لە ئاستی نیشتمانیدا بە جددی بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی پارێزگاکە زیاتر لە پێشوو سوود لە تواناکانی ئەم ناوچەیە ببەن.